شەش قەشە رفێندران

K24 - هەولێر
ئێوارەی دوێنێ لەهایتی هەشت کەس رفێندران کە شەش کەسیان قەشەن (راهیبە)، هاوکات رێژەی تاوان و رفاندن لە وڵاتەکە لەهەڵکاشانە.
لە کۆنگرەیەکی ئاینی لە هایتی راگەیەندرا: "ئێمە داوای لێبوردن دەکەین کە شەش قەشە لە کۆمەڵەی خوشکەکانی سانت ئان، لەگەڵ کەسانی دیکە، کە لە پاسێکدا بوون رفێندراون".
ئاماژە بەوەشکرا، ئەو قەشانە لە کاتژمێر 7ـی بەیانی، لەکاتی چوونیان بۆ دامەزراوەی فێرکاری لەلایەن کۆمەڵێک چەکدارەوە رفێندراون.
ماوەی چەند هەفتەیەکە کردەی رفاندن لە شاری پرنس پایتەختی هایتی زیاد کردووە، کە زۆربەی کەسانی ناسراو و ئاسایی دەکرێنە ئامانج.
هەفتەی رابردوو، دکتۆرێک و دادوەرێک رفێندران، بەڵام دواتر لەبەرامبەر برێک پارە ئازاد کران.
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ساڵی رابردوو لە سەدا 80ـی شاری پرانس کەوتووەتە دەست باندە مافییاکان.