مەلا بەختیار زانیاری نوێ لەبارەی رادەستکردنی کەرکووک ئاشکرا دەکات

K24 - هەولێر
مەلا بەختیار زانیاری نهبیستراو لهسهر رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر ئاشکرا دەکات و رایدهگهیهنێت، هیچ سەرکردەیەکی یەکێتی لەگەڵ رێککەوتنی رادەستکردنی کەرکووک نەبووە، ئهوانهشی رێککەوتنەکەیان کرد، كهسه نزیکەکان و كوڕهكانی مام بوون.
مەلا بەختیار، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لهگهڵ کەناڵی رەشیدی عێراقی ئاشکرایکردووە، هەژموونێکی بەغدایی و هێزە سیاسییەکانی عێراق لەسەر سلێمانی هەیە، هەژموونەکە زیاترە بەراورد بە ناوچەکانی دیکە، هەر ئەمەش وایکردووە لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر و داگیرکردنی کەرکووک دۆخی سلێمانی بە ئاراستەیەکی دیکە بگۆڕێت.
مهلا بهختیار ئەوەشی خستۆتەڕوو، لەرووی سەربازییەوە رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر رێکارێکی توند بوو، بۆچی رێکاری سەربازی بەکارهێنرا لهكاتێكدا دەستوور رێگە نادات سوپا و حەشدی شەعبی بنێردرێت، هاوکات رێککەوتنێکی سیاسی و ئەمنی هەبوو بۆ ئەوەی سوپا بنێردرێت و کەرکووک داگیربکرێت.
دەشڵێت، رێککەوتنی داگیرکردنی کەرکووک بە رەزامەندی ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی نەبووەو تەنانەت هیچ یەکێک لە ئەندامی سەرکردایەتی لە رێککەوتنەکە بەشدارنەبوون، بەڵکو کۆسرەت رەسووڵ و من ئەو رێککەوتنەمان رەتکردەوە و ئیدانەشمان کرد، بەڵام ئەوانەی کەرکووکیان رادەستکرد، کەسە نزیک و کوڕەکانی مام جەلال بوون.
مهلا بهختیار ئاماژهی بهوهشكردووه، لە دوای داگیرکردنی کەرکووک له 2017، هاوکێشەی سیاسی ناوچەکانی سلێمانی هەڵەبجە گۆڕاوه و هەژموونی هێزە سیاسییەکانی عێراق لەو ناوچانە زیادی کردووە و هێزه سیاسییهكانی عێراق پهیوهندییهكی كاریگهرانهیان لهو ناوچانهدا ههیه.