زیاد ره‌ئوف: سكاڵای عێراق له دژی ئێران به‌رهه‌مدار ده‌بێت

K24 – هەولێر:
له‌باره‌ی دیپلۆماسیەتی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بۆ داكۆكیكردن لە هەرێمی كوردستان و رۆڵی كاریگه‌ری له كۆڕبه‌ندی داڤۆس، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆڵەندا، رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌شداری مه‌سرور بارزانی له‌و كاته هه‌ستیاره‌دا له داڤۆس و ئه‌نجامدانی دیداره‌كانی له‌گه‌ڵ سیاسی و سه‌ركرده‌كانی جیهان، گرنگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. تایبه‌ت به هێرشی ئێران بۆسه‌ر هه‌ولێریش گوتی: "سكاڵای عێراق له دژی ئێران تایبه‌ت به هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێر به‌رهه‌مدار ده‌بێت".
زیاد رەئوف نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆڵەندا لە وارشۆوە به ژووری هه‌واڵی كوردستان24ـی راگه‌یاند، پێگه‌ی جوگرافی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زۆر گرنگه و ئه‌و ناوچه‌یه پڕه له رووداوی گه‌رم و ده‌كوڵێت، بۆیه ده‌بێت وه‌ك كورد به‌رده‌وام پلانی درێژخایه‌نمان هه‌بێت.
زیاد ره‌ئوف له‌باره‌ی هێرشه‌كانی ئێران بۆسه‌ر هه‌ولێر گوتی: "سكاڵاكانی عێراق له دژی ئێران تایبه‌ت به هێرشه‌كه‌ی سه‌ر شاری هه‌ولێر به‌رهه‌مدار ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ئێمه پشتگیری نێوده‌وڵه‌تیمان هه‌بێت، چونكه ئه‌مه پێشێلكارییه‌كی زۆر گه‌وره‌یه دژی هه‌رێمی كوردستان و عێراق".
هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: "ده‌بێت وانه له ئه‌زموونی ریفراندۆم وه‌ربگرین و پێویسته پشتگیری وڵاتانی زلهێز به‌ده‌ستبهێنین، تاكو بێ به‌رژه‌وه‌ندی پاڵپشتیمان لێبكه‌ن".
درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) بە مووشەکی بالیستی هێرش کرایە سەر هەولێر و هاووڵاتییانی سڤیلی کردە ئامانج، لە ئەنجامدا چوار هاووڵاتی شەهید بوون و شەش کەسی دیکەش برینداربوون کە یەکێک لە شەهیدەکان منداڵێکی ساوای شیرەخۆرەیە.