هۆشیار زێباری: بەرەی مقاوەمەی عێراقی ناوچەکە بەرەو شەڕێکی فراوان دەبات

K24 – هەولێر:
هۆشیار زێباری لەبارەی هێرشە بەردەوامەکانی گرووپە چەکدارە عێراقییەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان، مەترسی فراوانبوونی ئاڵۆزییەکان و ئاراستەکردنی ناوچەکە بەرەو شەڕێکی فراوان راگەیاند.
رۆژی شەممە (20ـی کانوونی دووەمی 2024) هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کورستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، بەردوامی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان بۆ سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد و بوونی قوربانی، پێشلکردنێکی مەترسیدارە لە رووبەڕووبوونەوەکان.
زێباری ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرەی مقاوەمە تەشەنە بە شەڕەکە دەکات و ناوچەکە بەرەو شەڕێکی فراوانتر دەبات.
دوای ئەوەی ئێوارەی رۆژی شەممە (20ـی کانوونی دووەمی 2024) بە زیاتر لە 20 مووشەک بنکەی عەین ئەسەد کە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لێیە، بۆردومانکرا، بەرەی مقاوەمەی عێراقی بەرپرسیاریەتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت کە بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، ژمارەیەک سەربازی عێراقی بە سەختی برینداربوون.
لەلایەن خۆیەوە، کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمەریکی بڵاویکردەوە بۆ وەڵامدانەی مووشەکەکان، سوپای ئەمەریکا بە 15 مووشەکی پاتریۆت وەڵامی داوەتەوە بەبێ ئەوەی ئاماژە بە بوونی قوربانی بکات لە ریزی سوپای ئەمەریکا و هاوپەیمانان.