ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا زانیاری لە بارەی هێرشەکەی سەر عەین ئەسەد بڵاودەکاتەوە

K24 – هەولێر
ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئێوارەی رۆژی 20/1/2024، ئەو گرووپە چەکدارانەی عێراقی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن بە چەندین مووشەکی بالیستی لە رۆژئاوای عێراق بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەدیان کردە ئامانج.
فەرماندەییەکە راشیگەیاندووە، بەهۆی دەنگی تەقینەوەی مووشەکەکان ژمارەیەک کارمەندی ئەمریکی زیان بە سەر سەریان گەیشتووە و سەربازێکی عێراقیش برینداربووە.
سێنتکۆم ئاماژەیداوە، هەرچەندە سیستەمی بەرگری ئاسمانی بنکەکە زۆربەی مووشەکانی خستووەتەخوارەوە، بەڵام چەند مووشەکێک بەر بنکەکە کەوتوون و هەڵسەنگاندن بۆ قەبارەی زیانەکان دەکەن.
کاتژمێر 6:30ی ئێوارەی دوێنێ گرووپە چەکدارەکانی عێراق، کە خۆیان بە بەرەی موقاوەمە ناساندووە، هێرشی مووشەکییان کردە سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد و دوای هێرشەکان، یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، ژمارەیەک مووشەک لە نزیک بنکەی لیوای 29ـی فرقەی حەوتی سەر بە فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی جەزیرە لە بنکەی عەین ئەسەد کەوتووەتە خوارەوەو بەهۆی سەربازێکی عێراقی برینداربووە و زیان بە بارەگای لیوای 29 گەیشتووە.