پاسەوانی سنوور: هیچ کۆڵبەرێکمان لە هەورامان ئەشکەنجە نەداوە

K24 – هەولێر
بەرپرسێکی هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە هەورامان رایگەیاند: ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە گوایە ئەشکەنجەی کۆڵبەرەکانمان داوە راست نییە و لیژنەیەکمان لەسەر ئەو بابەتە پێکهێناوە.
هەورامان محەممەد، لێپرسراوی راگەیاندنی پاسەوانی سنووری عێراق لە ناوچەی هەورامان بە کوردستان24ی گوت: "سەرلەبەری ئەوهەواڵانە دوورن لەڕاستییەوە و هیچ کەسێک بەدەستی هێزەکانی پاسەوانی لەم سنوورە ئەشکەنجە نەدراوە".
گوتیشی: "لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەمان پێکهێناوەو بکەرانی ئەوکارە بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەین، چونکە بۆ ناشرین کردنی پاسەوانی ئەم سنوورە ئەو کارەیان بەناوی ئێمەوە کردووە".
ئاماژە بەوەشکرد: "زیاتر له هەزار کۆڵبەر لەم ناوچەیە رۆژانە کار دەکەن، تائێستا هیچ بێڕێزیەکیان بەرامبەر نەکراوە، ئەوانەشی سنووریان بەزاندووە دەستگیرکراون و بەڕێزەوە رەوانەی دیوی ئێران کراون".
ئەوە لە کاتێکدایە لە چەند کاتژمێری رابردوودا ژمارەیەک کۆڵبەری رۆژهەڵاتی کوردستان، لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا کە لە سۆشیال میدیا بڵاوکاوەتەوە رایگەیاندووە "لەلایەن پاسەوانی سنوورەوە دەستگیرکراوین و ئەشکەنجە دراوین".
