فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا دوو سەربازی ون بووی بە مردوو هەژمار کرد

K24 – هەولێر
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (CENTCOM) رایگەیاند، سەرکەوتوو نەبووین لە دۆزینەوەی ئەو دوو سەربازی هێزی تایبەتی هێزەکانی ئەمەریکا، لە دەریایی سوور.
ئەمڕۆ دووشەممە،22ـی کانوونی دووەمی2024، لە بەیاننامەیەکدا فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (CENTCOM) رایگەیاند: "دوای گەڕانێکی زۆر بۆ ماوەی 10 رۆژ، دوو سەرباز لە هێزی دەریایی ئەمەریکا نەدۆزراونەتەوە وا گریمانە دەکرێت کە مردوون". فەرماندەیی ناوەندی ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو دوو سەربازە لەکاتی سواربوونی کەشتییەکدا دیارنەماون کە چەکی دروستکراوی ئێرانی گواستووەتەوە".
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا ئێوارەی 12ـی کانوونی دووەم، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە دوو دەریاوانی ئەمەریکی لە کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان لە کەناراوەکانی سۆماڵ بێسەروشوێن بوون.
راشیگەیاند، ئەو دوو سەربازە بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکانی کەشتی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمەریکا کردبوو، کە هەفتەی رابردوو هێرشیان کردە سەر شوێنی حوسییەکان لە یەمەن.
پەرەسەندنی گرژییەکان لە دەریای سووردا چوونەتە قۆناغێکی گەورە، لەو کاتەوەی کە حوسییەکان لە 9ـی کانوونی دووەم راستەوخۆ کەشتییەکی ئەمەریکییان کردە ئامانج.
لە 12ـی کانوونی دووەمی ئەم مانگە، کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لە 10 وڵاتەوە پێکهاتبوو رایگەیاند، "لە بەرامبەر هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور، هێزە چەکدارەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا هێرشی هاوبەشیان لە دژی حوسییەکان لە یەمەن ئەنجامدا".