78 ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستان تێدەپەڕێت

K24 - هەولێر
ئەمڕۆ 78 ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مهاباد تێدەپەڕێت، کۆمارێک کە ئەگەرچی تەمەنی تەنیا 11 مانگ بوو، بەڵام میراتێکی بە نرخی بۆ نەوەکانی دواتر بەجێهێشتووە کە تا ئێستاش کورد شانازییان پێوە دەکات، لەوانەش سروودی نیشتمانیی ئەی رەقیب، ئاڵای کوردستان و ناوی پێشمەرگە.
لە رۆژی 22ی کانوونی دووەمی ساڵی 1946ی زایینی بەرامبەر بە 2ی رێبەندانی 1325ی هەتاوی، لە گۆڕەپانی چوارچرای مهاباد و بە بەشداریی زیاتر لە 20 هەزار کەس لە نوێنەرانی هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان، یەکەمین کۆماری کوردستان لە مهاباد بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەممەد راگەیەندرا.
لەم ماوە کەمەدا، جیا لە دامەزراندنی حوکمڕانی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستان، خوێندن و پەروەردە کرایە کوردی، چاپخانە هێنرایە مهاباد و رۆژنامەیەک و چوار گۆڤار و یەک لەوانیش گۆڤاری گڕوگاڵی منداڵان چاپ و بڵاکرایەوە، شیعر و چیرۆک و ئەدەبیاتی کوردی برەوی پێدرا، بۆ یەکەمجار شانۆنامەی دایکی نیشتمانی بە زمانی کوردی نمایش کرا، رادیۆ لە مهاباد دامەزرا.
لەشکری میللیی کوردستان دامەزرا کە دواتر ناوی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لێنرا و ئەم ناوە تائێستاش لە ناو کورددا وەک ناوێکی پیرۆز ماوەتەوە، مارشی ئەی رەقیب کرایە سروودی نەتەوەیی و ئاڵای کوردستان دەستنیشان کرا و لەسەر دامودەزگاکانی حکومەت هەڵدرا.
پەیوەندیی سیاسی و ئابووری لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت و کۆماری ئازەربایجان رێکخرا و بەرهەمی کشتوکاڵیی کوردستان هەناردەی سۆڤیەت کرا، بۆ دابینکردنی بودجەی حکومەتیش سیستەمی باج لەسەر داهاتی هاووڵاتییان پەیڕەو کرا.
یەکێک لە خاڵە درەوشاوەکانی ئەو مێژووە، بەشداریی بارزانییەکان بە رێبەرایەتیی شێخ ئەحمەدی بارزانی لە کۆماری کوردستان و بەرگریی هێزی پێشمەرگەی پێكهاتوو لە بارزانییەکان لە کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەلا مستەفای بارزانی بوو، بە شێوەیەک کە یەکەم شەهیدی کۆماری کوردستانیش پێشمەرگەیەکی خەڵکی باشووری کوردستان بوو. هەر بەم هۆیەش بوو کە پێشەوا قازی محەممەد لە پاش رووخانی کۆماری کوردستان ئالای پیرۆزی کوردستانی بە مەلا مستەفا بارزانی سپارد.
ئێستا کە 78 ساڵ بەسەر دامەزرناندی تاقانە کۆماری کوردستان تێدەپەرێت، وەک لاپەڕەیەکی درەوشاوە لە مێژووی کوردستان و نموونەیەک لە هاوخەباتی و یەکدەنگیی کوردان بۆ رزگاری و سەربەخۆیی باسی دەکرێت.