بەهۆی هەرەسهێنانی شاخێک لە چین زیاتر لە 45 کەس گیانیان لەدەستدا

K24 - هەولێر
بەگوێرەی هەواڵی میدیا فەرمیی چین، بەهۆی هەرەسهێنانی شاخێک لە پارێزگای یوننان لە باشووری رۆژئاوای چین، 47 کەس گیانیان لەدەستدا.
کەناڵی فەرمی "CCTV"، هەرەسهێنانی ئەو شاخە لە ویلایەتی ژینچیۆنگ روویداوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی هەرەسهێنانەکەوە 18 خێزان کەوتوونەتە ژێر خۆڵەوە، هاوکات زیاتر لە 200 کەس بەپەلە لە ناوچەکە گواستراونەتەوە.
کەناڵەکە باسی لەوەشکرد، دەسەڵاتدارانی ناوچەکە بە خێرایی زیاتر لە 200 کارمەندی فریاگوزارییان رەوانەی ناوچەکە کردووە، جگە لە دەیان ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە و کەرەستەی دیکە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی شینخوا بڵاویکردەوە، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی بزانن چی روویداوە. هەرەسهێنانەکە لە ناوچەی یوننان بووە، کە زنجیرە چیا بەرزەکانی هاوسنوورن لەگەڵ هیمالایا.
چین لە چەند مانگی رابردوودا زنجیرەیەک کارەساتی سروشتی بەخۆیەوە بینیوە، هەندێکیان دوای رووداوە سەختەکانی کەشوهەوا بووە.
لە مانگی ئابی رابردوودا بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ لە نزیک شاری شیان لە باکووری ئەو وڵاتە زیاتر لە 20 کەس گیانیان لەدەستدا.
لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بەهۆی رۆچوونی زەوی لە پارێزگای سیچوان لە باشووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە، کە 19 کەس گیانیان لەدەستدا.