تەرمی ئەو هاووڵاتییە کوردانەی لە نیویۆرک گیانیان لەدەستدا؛ لە دهۆک بەخاکدەسپێدرێن

وێنەی ئەو پێنج هاووڵاتییە کوردەی لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە ویلایەتی نیویۆرکی ئەمەریکا گیانیان لەدەستدا
وێنەی ئەو پێنج هاووڵاتییە کوردەی لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە ویلایەتی نیویۆرکی ئەمەریکا گیانیان لەدەستدا

K24 - هەولێر

تەرمی ئەو پێنج هاووڵاتییە کوردەی لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە ویلایەتی نیویۆرکی ئەمەریکا گیانیان لەدەستدا؛ دەگەڕێندرێنەوە دهۆک و لەوێ بەخاکدەسپێدرێن.

خانەوادەی ئەو پێنج هاووڵاتییە کوردەی دانیشتووی ویلایەتی نیویۆرکی ئەمەریکا کە لە رووداوێکی هاتووچۆدا گیانیان لەدەستدا، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، رۆژی چوارشەممە، 24-01-2024، تەرمەکانیان دەگەرڕێندرێنەوە پارێزگای دهۆک و، لەوێ بەخاکدەسپێدرێن.

رۆژی سێشەممە، 16-01-2024، پێنج هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پارێزگای دهۆک و دانیشتووی ویلایەتی نیویۆرک، کە لە عومرە دەگەڕانەوە، پێش ئەوەی بگەنەوە ماڵەکانیان لە ویلایەتی نیویۆرک، لە رووداوێکی هاتووچۆدا گیانیان لەدەستدا.  ژمارەیەک هاووڵاتیی دیکەش هەر لەو رووداوەدا برینداربوون.

ناو و تەمەنی ئەو پێنج هاووڵاتییە کوردەی لە رووداوە هاتووچۆوەکەدا گیانیان لەدەستدا: بێریڤان نیعمەت (تەمەن 43 ساڵ)، هەڤرست نیعمەت، (تەمەن 41 ساڵ)، ئالین ئارمانج (تەمەن 20 ساڵ). ئەم سێ هاووڵاتییە لە بنەڕەتدا خەڵکی قەزای ئاکرێن. دووانەکەی دیکە بریتین لە فاتیمە عەبدوڵڵا (تەمەن 71 ساڵ) کە خەڵکی گوندی مایێی سنووری پارێزگای دهۆکە، ئەوەی دیکەشیان شەهناز مەجیدە (تەمەن 56 ساڵ)ـە و خەڵکی گوندی ستکورکە لە سنووری ئەو پارێزگایە.

ئەو هاووڵاتییە کوردانەی لە عومرە دەگەڕانەوە 15 کەس بوون. پێنجیان دانیشتووی ویلایەتی ڤێرجینیا بوون و 10 هاووڵاتییەکەی دیکەش دانیشتووی نیویۆرک بوون و بە دوو ئۆتۆمبێل دەگەڕانەوە ماڵەکانیان لە شاری نیوهامگتن لە نیویۆرک؛ لە رێگەدا ئۆتۆمبێلێکیان تووشی رووداوی هاتووچۆبوو و بەهۆیەوە پێنج کەسیان گیانیان لەدەستدا.