شرۆڤەکارێکی ئەمنی: رادارە فەرەنسییەکەی بنکەی عەین ئەسەد تێکشکاوە

وێنەی ئەو رادارە فەرەنسییەی سوپای عێراق کە لە بنکەی عەین ئەسەد جێگیرکرابوو
وێنەی ئەو رادارە فەرەنسییەی سوپای عێراق کە لە بنکەی عەین ئەسەد جێگیرکرابوو

K24 - هەولێر

شرۆڤەکارێکی ئەمنی و ستراتیژی دەڵێت، ئەو رادارە فەرەنسییەی سوپای عێراق کە لە بنکەی عەین ئەسەد جێگیرکرابوو، لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە تێکشکاوە.

کاتژمێر 06:30ی ئێوارەی رۆژی شەممە، 20-01-2024، بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق هێرشی مووشەکی کردە سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد کە هێزەکانی ئەمەریکا لێی جێگیرکراون. بەهۆی هێرشکەوە سەربازێکی عێراقی و ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکی برینداربوون.

ئەمڕۆ دووشەممە، 22-01-2024، ئەیاد تۆفان، شرۆڤەکاری ئەمنی و ستراتیژی و فەرماندەی پێشووی سوپای عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەهۆی دوایین هێرشی مووشەکی سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد، "ئەو تاکە رادەرە فەرەنسییەی لای سوپای عێراق بوو؛ لەلایەن فڕۆکەوە بێ فڕۆکەوانەوە تێکشکاوە و تێچووی چاککردنەوەکەشی ملیۆنان دۆلارە. ئەگەر چاکیش بکرێتەوە وەک پێشتر کار ناکات".  

تۆفان ئاماژەی بەوەش کرد، "حکومەتی عێراق رێککەوتنی بۆ کڕینی پێنج راداری فەرەنسی کردووە بۆ ئەوەی ئاسمانی خوی لە هێرشە مووشەکییەکان بپارێزێت. تاوەکو ئێستا یەک دانەی رادەستکرابوو، ئەویش لە هێرشە مووشەکییەکەی سەر بنکەی عەین ئەسەد تێکشکا".  

بە گوتەی ئەو فەرماندەی پێشووی سوپای عێراق، توانای بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی لە بەرامبەر فڕۆکە و مووشەکە پێشکەوتووەکاندا "لاوازە". گوتیشی، "پێشتر مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بە چەند کەرستەیەک دروستدەکران و کواڵێتییان زۆر بەرز نەبوو، زۆربەی کاتەکانیش ئامانجەکانیان نەدەپێکا؛ بەڵام ئێستا پەرەیان پێ دراوە، بە شێوەیەکی زۆر مۆدێرن دروستدەکرێن و ئامانجەکانیان بە دووری دەیان کیلۆمەتر دەپێکن".  

ئەو شرۆڤەکارە ئەمنییە ئەوەشی خستەڕوو، ئەو مووشەکانەی رۆژی دووشەممە، 15-01-2024، لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە ئاراستەی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی کران، "لە جۆری کروزن، لە ڕێگەی مانگی دەستکردەوە کۆنترۆڵ دەکرێن و بە خێرایی سێ ئەوەندەی دەنگ دەڕۆن".

نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دەزەیین.

رۆژی یەکشەممە، 21-01-2024، لیژنەیەکی تایبەتی پەرلەمانی عێراق کە لە ژمارەیەک ئەندامی هەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگریی و پەیوەندییەکانی دەرەوە پێکهاتبوون، گەیشتە هەرێمی کوردستان. دواتر بە یاوەری رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەردانی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەییان کرد. ئامانجی سەردانەکە، لێکۆڵینەوە بوو لەو هێرشەی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کرایە سەر ماڵەکە.

عەباس زاملی، سەرۆکی لیژنەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا و، لە وەڵامی نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، "ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی بە چەند مووشەکێک کراوەتە ئامانج کە پێمانوایە مووشەکی بالیستین و زیانی زۆریان بە شوێنەکە گەیاندووە". گوتیشی، "ماڵەکە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل بووە و هیچ ئاماژەیەک نییە کە بنکەیەکی سیخوڕی بووبێت".

Fly Erbil Advertisment