سەعدی پیرە: پرسی بایکۆتکردنی خوێندن بە سیاسی کراوە

K24 – هەولێر:
گوتەبێژی یەکێتی، ئاماژە بەوەدەکات، پێویستە بایکۆت کۆتایی پێبهێندرێت، چونکە ئەوەی لە خوێندن بێبەشبووە تەنیا چینی هەژارانن و ئەوانەی توانایان هەیە لە قوتابخانە تایبەتەکاندا دەخوێنن.
ئەمڕۆ دووشەممە (22ـی کانوونی دووەمی 2024) سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتی، لەمیانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەگەڵ بایکۆتی مامۆستایان نین، ئەگەر مووچە دواشبکەوێت کاری بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی زوو بنێردرێت، بەڵام ساڵێکی خوێندن بڕوات دواتر قەرەبوو ناکرێتەوە.
گوتەبێژی یەکێتی، ئاماژەی بەوەدا، راگرتنی خوێندن وا دەکات ساڵی داهاتوو رێژەی قوتابییان لە قۆناغەکان و پۆلەکان ببێتە دووهێندە، ئەو کاتە کار دەکاتە سەر خوێندنگەکان و شوێنی ئەو هەموو قوتابییانە نابێتەوە.
سەعدی پیرە، راشیگەیاند، پرسی بایۆتکردنی خوێندن بە سیاسی کراوە، بۆیە پێویستە بایکۆت کۆتایی پێبهێندرێت.
ناوبراو گوتیشی: ئەوەی لە خوێندن بێبەشبووە تەنیا چینی هەژارانن و ئەوانەی توانایان هەیە لە قوتابخانە تایبەتەکاندا دەخوێنن.
گوتەبێژی یەکێتی، هەر لە بارەی بایکۆتکردنی پرۆسەی خوێندن لەلایەن مامۆستایانەوە، پێشتریش راگەیاندبوو، ئەو مامۆستایانەی کە مانیان گرتووە بوونەتە هۆکاری ئەوەی سوپایەک لە قوتابییان لە خوێندن داببڕێن، ئێمە دەزانین ئەو نیگەرانیانەی مامۆستایان رەوایە، بەڵام تەعبیرکردن لە نیگەرانییەکە دروست نییە.
گوتەبێژی یەکێتی، ئاماژەی بەوەشدابوو، بایکۆتی مامۆستایان سزادانی قوتابییانە.