سبەی لە سلێمانی، هەڵەبجە و راپەڕین دژی هێرشەکانی سەر هەولێر خۆپیشاندانە

خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دژی هێرشەکانی سەر هەولێر - وێنە: کوردستان24
خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دژی هێرشەکانی سەر هەولێر - وێنە: کوردستان24

K24 – سلێمانی:

رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی فراوان بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی سەر هەولێر.

لە راگەیەندراوێکدا رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بانگهێشتی سەرجەم چین و توێژەکان، کاسبکاران و فەرمانبەران و حزب و لایەنە سیاسیەکان دەکەن بەشدار بن لە خۆپیشاندانێکی فراوان بۆ ئیدانەکردنی دەستدرێژییەکانی سەر پایتەختی هەرێمی کوردستان.

سبەی سێشەممە (23ـی کانوونی دووەمی 2024) کاتژمێر 11ـی بەیانی لە یەک کاتدا، لە سلێمانی، هەڵەبجە و رانیە، خۆپیشاندانی جەماوەری بەڕێوەبچێت بۆ ئیدانەکردنی هێرش و دەستدرێژییەکانی سەر شاری هەولێر.

ناونیشانی خۆپیشاندانەکەی سلێمانی: پارکی نالی تەنیشت کتێبخانەی گشتی سلێمانی لە شەقامی سالم

ناونیشانی خۆپیشاندانەکەی هەڵەبجە: بەردەم پەیکەری عومەری خاوەر بۆ بەردەم باخی گشتی هەڵەبجە

ناونیشانی خۆپیشاندانەکەی رانییە: بەردەم پاڕکی دەروازە بۆ بەردەم ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) بە مووشەکی بالیستی هێرش کرایە سەر هەولێر و هاووڵاتییانی سڤیلی کردە ئامانج، لە ئەنجامدا چوار هاووڵاتی شەهید بوون و شەش کەسی دیکەش برینداربوون کە یەکێک لە شەهیدەکان منداڵێکی ساوای شیرەخۆرەیە.

دوای هێرشەکانیش لە هەولێر، دهۆک، سۆران، زاخۆ، ئاکرێ و بەردەڕەش خۆپیشاندانی جەماوەری بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکان بۆ سەر هەولێر بەڕێوەچوو کە تێیدا داواکرا رێز لە سەروەری هەرێمی کوردستان بگیرێت و داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی فیدراڵییش کرا سنوورێک بۆ دەستدرێژییە بەردەوامەکانی ئێران دابنێن.