وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزای بەسەر کۆمپانیای فڕۆکەوانی فڵای بەغداد سەپاند

K24 - هەولێر:
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، بە تۆمەتی هاوکارییکردنی سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران سزای بەسەر کۆمپانیای فڕۆکەوانی فڵای بەغداد و سەرۆکی بزووتنەوەی ماف لە عێراق، سەپاند.
ئەمڕۆ دووشەممە (22ـی کانوونی دووەمی 2024) وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی، بە تۆمەتی هاوکاریکردنی سوپای پاسدارانی و گرووپە چەکدارەکان لە عێراق، سووریا و لوبنان، سزای بەسەر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فڵای بەغداد سەپاند.
هەروەها وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزای بەسەر حوسێن موئنیس، سەرۆکی بزووتنەوەی ماف لە عێراق سەپاند، کە تۆمەتباری کردووە بەوەی کەلوپەلی بۆ سوپای پاسداران گواستووەتەوە.
وەزارەتەکە لە راگەیاندراوێکدا جەختی لەوە کردەوە، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە راگرتنی چالاکییە نایاساییەکانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە کە ئامانجیان تێکدانی سەقامگیری ناوچەکەیە.
ئاماژەی بەوەشدراوە، کۆمپانیا هێڵی ئاسمانی فڵای بەغداد فڕۆکەکانی بەکارهێناوە بۆ گواستنەوەی چەکداران، چەک و پارە بۆ سووریا و لوبنان بۆ پاڵپشتیکردنی گرووپە میلیشیکانی ئەو دوو وڵاتە کە لەلایەن ئێرانەوە ئارستەدەکرێن.
هاوکات وەزارەتی گەنجینە، چەند کەسایەتی و کۆمپانیایەکی دیکەشی بە هەمان تۆمەت سزاداوە، ئەوانیش، بەشیر عەبدولکازم علەوان سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیایی فلای بەغدا بە شێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەستی بەسەر فلا بەغدادا گرتووە، ریاز عەلی عەززاوی، ئەندازیار لە بەڕێوەبەرایەتی تەکنیکی حەشدی شەعبی و شارەزاری دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، کۆمپانیای گەشتوگوزاری ئەلمەسال کە لە لایەن حزبوڵڵاوە بۆ سپیکردنەوەی پارە و خۆدزینەوە لە باج و دەستبەسەرداگرتنی زەوی عێراقییەکان و عەقاد موحسین فەرەج، بەرپرسی کۆکردنەوەی پارە و بەقاچاغبردن لە رێگەی سنوورەکانی عێراقەوە بۆ ئێران و سووریا.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا راشیگەیاندووە، لە دوای دەرکردنی ئەم سزایانە، تەواوی موڵک و بەرژەوەندی ئەو لایەنانە لە ئەمریکا دەستی بەسەردا دەگیرێت و، هەر کەسێکیش مامەڵە لەگەڵ سزادراوان بکات رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبێتەوە.