پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنی لە سنووری چیای خاڵخاڵان بەرێوەبرد

K24-هەولێر:
هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنیان لە سنووری چیای خاڵخاڵان ئەنجامدا بۆ زیاتر دڵنیایی لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
بەپێی راگەیاندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە، بەسەرپەرشتی عەمید سەباح پیرۆت، فەرماندەی لیوای6ی پیادە و ، عەقید جەزا حوسێن جێگری فەرماندەی لیوا و فەوجەکانی(1 و2 و 3) و تەواوی ئەفسەرانی لیواکە، ئۆپەراسیۆنی کێوماڵکردنی لە سنووری چیای خاڵخاڵان و گوندەکانی(ئۆمەرمەندان، دووشیوان، تەرەقە، تورکمان باغ، کارێزەی خاڵخاڵان) ئەنجامدا، کە سریەی کۆماندۆی بارەگای لیوای 6 ی پیادە و فەوجەکانی(1و2و3) تێیدا بەشداربوون.
بەپێی راگەیاندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە، تەواوی ناوچەکە کێوماڵکرا، بۆ دڵنیایی زیاتر لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و پاراستنی هاووڵاتیان لە هەڕيشەی تیرۆریستان.
پێشتر لە (21ـی ئابی 2023)، لە راگەیەندراوێکدا کە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بە مەبەستی دابینکردنی ئاسایش و ئارامیی زیاتر لە ناوچەکەدا، سەرلەبەیانی رۆژی 20ـی ئابی 2023، لیوای 22ـی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق، لە ناوچەی قەرەحەسەن - لەیلان، ئۆپراسیۆنێکیان ئەنجامدا، ئۆپراسیۆنەکە بۆ ماوەی حەوت کاتژمێر بەردەوام بوو، تیایدا تەواوی ناوچەی دیاریکراو کێوماڵ کرا، کە گومان دەکرا تیرۆریستانی داعش وەک راڕەوێک ئەو ناوچەیە بەکار بهێنن.

