پێنتاگۆن: 151 هێرش کراوەتە سەر هێزەکانمان لە عێراق و سوریا
K24-هەولێر:
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا(پێنتاگۆن)، بڵاوی کردەوە، لە 17 ی ئۆکتۆبەرەوە، 151 هێرش کراوەتە سەر هێزەکانیان لە عێراق سوریا.
ئەمڕۆ دووشەممە(22ی کانوونی دووەمی 2024)، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا(پێنتاگۆن)، بڵاوی کردەوە، لە 17 ی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا، 151 هێرش کراوەتە سەر هێزەکانیان لە عێراق و سوریا.
پێنتاگۆن راشیدەگەیەنێت: هێزەکانیان لە ناوچەی فورات بۆ پشتیوانی لە سوریا، دووچاری هێرش بۆتەوە بە چەندین مووشەک، بێ ئەوەی هیچ زیانێک بە هێزەکانیان بگات.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئاشکرای کردووە، هێزەکانیان لە شوێنی نیشتنەوەی فڕۆکە لە رمێلان، دووچاری هێرشی مووشەکی بۆتەوە، ئەو هێرشەش هیچ زیانێکی بە هێزەکانیان نەگەیاندووە، لەگەڵ ئەوەی لە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە ئەنباری عێراق، هێزەکانی ئەمریکا دووچاری هێرشی درۆنی بۆمبرێژکراو بونەتەوە، هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانیان نەبووە.
ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئێوارەی رۆژی 20/1/2024، ئەو گرووپە چەکدارانەی عێراقی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن بە چەندین مووشەکی بالیستی لە رۆژئاوای عێراق بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەدیان کردە ئامانج.
فەرماندەییەکە راشیگەیاندووە، بەهۆی دەنگی تەقینەوەی مووشەکەکان ژمارەیەک کارمەندی ئەمریکی زیان بە سەر سەریان گەیشتووە و سەربازێکی عێراقیش برینداربووە.
سێنتکۆم ئاماژەیداوە، هەرچەندە سیستەمی بەرگری ئاسمانی بنکەکە زۆربەی مووشەکانی خستووەتەخوارەوە، بەڵام چەند مووشەکێک بەر بنکەکە کەوتوون و هەڵسەنگاندن بۆ قەبارەی زیانەکان دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، جێگری وتەبێژی پێنتاگۆن سەبرینا سینگ رایگەیاند: هێرشەکەی ڕۆژی شەممە بۆ سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە عێراق " فراوانتر بوو لەوەی پێشتر بینیومانە."
وتەبێژەکە لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند: هێزەکانی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە ڕووبەڕووی چەندین موشەکی بالیستی بوونەتەوە لە بنکەیەکی سەربازی ئەمەریکا لە پارێزگای ئەنبار لە ڕۆژئاوای عێراق و، ئاماژەی بەوەشکرد ئەو هێزانە لە 17 ی مانگی 10 ەوە، ڕووبەڕووی 151 هێرش بوونەتەوە لە عێراق و سوریا.
سەبرینا سینگ گوتی: ئەو میلیشیایانەی هێزەکانمان دەکەنە ئامانج لە عێراق و سوریا، موشەکی بالیستیکی لە ئێرانەوە وەردەگرن، گوتیشی: ئەوان لەلایەن تارانەوە چەکدارکراون و پشتیوانییان لێکراوە.