هەشت پێگەی حوسییەکان کرایە ئامانج

K24 – هەولێر
لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ئەمەریکا و بەریتانیا رایانگەیاند، چەند پێگەیەکی حوسییەکانیان لە پێنج پارێزگای یەمەن کردووەتە ئامانج.
ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی کانوونی دووەمی2024، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ئەمەریکا و بەریتانیا و بەحرەین و چەند وڵاتێکی دیکە، رایانگەیاند، رێککەوتوون لەسەر بە ئامانجگرتنی چەند پێگەیەکی حوسییەکان لە یەمەن .
لە بەیاننامە هاوبەشەکەدا هاتووە، "شوێنی عەمبارکردنی ژێرزەمینیی حوسییەکان کراوەتە ئامانج، هەروەها ئەو شوێنانەی پەیوەستن بە توانا مووشەکییەکانی حوسییەکان و چاودێری ئاسمانی".
بەیاننامەکە روونی کردووەتەوە کە لە پێنج پارێزگای جیاواز لە یەمەن هەشت پێگەی حوسییەکان کراوەتە ئامانج و جەختیشی لەوە کردووەتەوە "لەبەرامبەر هەڕەشەکانی حوسییەکاندا دەست ناپارێزین لە بەرگریکردن و رۆیشتنی کەشتی بازرگانی لە یەکێک لە گرنگترین رێڕەوەکانی ئاوی جیهان".
لای خۆیەوە گرانت شاپس، وەزیری بەرگری بەریتانیا رایگەیاند، "چوار فڕۆکەی هێزی ئاسمانی شاهانەی FGR4s Typhoon، کە لەلایەن دوو کەشتی هەڵگری ڤۆیدجەرەوە پاڵپشتی دەکرێن، لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکا لە هێرشکردنە سەر پێگەکانی حوسییەکان لە یەمەن". گوتیشی: "فڕۆکەکان سودییان لە بۆمبیPaveway 4 وەرگرتووە بۆ ئەوەی چەند ئامانجێک لە دوو شوێنی سەربازی لە نزیک سەنعا بپێکن".
هەروەها وەزیری بەرگری بەریتانیا راشیگەیاند، ئەم هێرشە "زەرەر و زیانێکی زۆری لە حوسییەکانداوە کە بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر بازرگانی جیهانی"، هەروەها جەختیشی لەسەر بەردەوامی پشتگیریکردن لە سەقامگیری ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستکردەوە.
ئەم هێرشانە هاتووچۆی کەشتیوانی لە ناوچە بازرگانیەکانی جیهان پەکخستووە، ئەوەش بووەهۆی ئەوەی ئەمەریکا چەندین جار هێرش بکاتە سەر شوێنە حوسییەکان و وەک قەوارەیەکی تیرۆریستی پۆلێنیان بکات.
لای خۆیانەوە حوسییەکان دووپاتیان کردەوە کە بەردەوام دەبن لە "رێگری لە کەشتییە ئیسرائیلییەکان" لە تێپەڕاندنی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن تا کۆتایی هاتنی شەڕ لە فەڵەستین"، و وەڵامی هەموو هێرشێکیش دەدەنەوە لە دژی یەمەن.