گوندێکی کەرکووک بەهۆی لێچوونی گازەوە چۆڵکرا

وێنەی ئەو بۆریەی شکاوە
وێنەی ئەو بۆریەی شکاوە

K24 - هەولێر

بۆرییەکی گازی سروشتی لە گوندێکی کەرکووک شکا و لە ترسی تەقینەوەی بۆرییەکە، گوندەکە لە هاووڵاتییان چۆڵکراوە.

بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 23-01-2024، بۆرییەکی گاز لە گوندی قزلیاری باشووری رۆژئاوای کەرکووک شکا و بەهۆیەوە تەواوی دانیشتووانی گوندەکە بەهۆی مەترسی تەقینەوەی بۆرییەکە گوندەکەیان چۆڵکرد.

میکائیل مەجید، بەڕێوەبەری قوتابخانەی گوندەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، "بەیانی سەرقاڵی تاقیکردنەوەکان بووین، کاتژمێر 8:45 خولەک دەنگێک بیسترا و ئێمەش گرنگیمان پێی نەدا. دواتر قوتابییەک بانگی ئێمەی کرد کە رووداوێک روویداوە، کە منیش چومە دەرەوە سەیرم کرد بۆریی گازە".

بەڕێوەبەری قوتابخانەکە گوتیشی، "بە مامۆستاکان و قوتابییەکانم گوت واز لە تاقیکردنەوەکان بهێنن بڕۆنە دەرەوە؛ چونکە گازەکە یەکجار زۆری لێدەچوو". ئەوەشی خستەڕوو، "ئێستا گوندەکە چۆڵە و کەسی تێدا نەماوە."

بە گوتەی میکائیل مەجید، "ئەگەر ئاراستەی بایەکە بۆ لای ئێمە بووایە، گازەکە مەترسی لەسەر ژیانمان دروست دەکرد، چونکە بۆنەکەی زۆر پیس بوو".  

 

Fly Erbil Advertisment