سزادانی سه‌ركرده‌کانی حزبوڵڵای عێراق و كۆمپانیای 'فلای به‌غداد' کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە

K24 - هەولێر
باڵیۆزی ئه‌مەریكا لەبارەی سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر سێ سه‌ركرده‌ی حزبوڵڵای عێراق و كۆمپانیای فڕۆكه‌وانه‌ی فلای به‌غداد، ده‌ڵێت، "سزاكان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سوپای پاسداران و گرووپه‌كانی سه‌ر به ئێرانن".
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا بە تۆمەتی هاوکاریکردنی سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران و، هاوكاریكردنی سوپای پاسداران و گروپه چه‌كداره‌كان له عێراق، سووریا و لوبنان؛ سزای بەسەر کۆمپانیای فڕۆکەوانی فلای بەغداد و سێ سه‌ركرده‌ی حزبوڵڵای عێراقی و له‌نێویاندا حوسێن موئنیس، سەرۆکی بزووتنەوەی حقووق لە عێراق، سەپاند.
هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مەریكا ده‌ست به‌سه‌ر تەواوی موڵک و بەرژەوەندی ئەو لایەنانە لەنێو ئەمەریکادا دەگرێت. دووپاتیشی كردووه‌ته‌وه، "هەر کەسێک مامەڵە لەگەڵ سزادراوان بکات رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبێتەوە".
سه‌باره‌ت به ره‌وایه‌تیدان به‌سزاكانی گه‌نجینه‌ی ئه‌مەریكا؛ ئه‌لینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئێكس (تویتەری پێشوو) نووسیویه‌تی: "سزاكان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سوپای پاسداران و گرووپه‌كانی سه‌ر به ئێرانن، چونكه به‌كارهێنانی كۆمپانیا‌یه‌كی عێراقی بۆ گواستنه‌وه‌ی چه‌ك و پاره، پێشێلکردنی سەروەری عێراقە. سزاكان پێداگیری وڵاتەکەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسییانە دووپات دەکاتەوە، کە سوپای پاسداران و نزیكه‌كانیان له عێراق دروستی ده‌كه‌ن".
له كاردانه‌وه‌ی سزاكانی ئه‌مەریكا، حوسێن موئنیس داوای كۆتاییهینان به هه‌ژموونی دۆلار له عێراق ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، "ئایا كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه له مه‌ترسیدارترین و به‌هێزترین چه‌كه‌كانی ئه‌مەریكا بدرێت، كه هه‌ژموونی دۆلاره. دۆلار كوته‌كی ئه‌مەریكایه له دژی گه‌لانی ئازاد به‌كاری دەهێنێت."
هه‌رچی كۆمپانیای فڕۆكه‌وانی فلای به‌غدایه رایگه‌یاندووه، ساڵانێکە لەژێر چاودێری راستەوخۆی حکومەتی عێراق و دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراق و وەزارەتی گواستنەوە كارده‌كه‌ن و تاکە ئەندامی کۆمەڵەی گواستنەوەی ئاسمانی نێودەوڵەتین له عێراق. داواش له وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ده‌كات هەر بەڵگەیەکی هه‌یه بیخاته‌ڕوو کە بتوانێت کۆمپانیاکە یان بەڕێوبەرایەتیەکەی سزا بدات، ئه‌گه‌رنا کۆمپانیاکە ناچار ده‌بێت پەنا بۆ یاسا ببات.