سویسرا: بەبێ رووسیا رێککەوتنی ئاشتی ئۆکرانیا ناکرێت

K24 - هەولێر
وەزیری دەرەوەی سویسرا رایگەیاند، بەبێ رووسیا چارەسەر و رێککەوتنی ئاشتی ململانێی ئۆکرانیا ناکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی کانوونی دووەمی2024، ئاژانسی "نۆڤۆستی" بڵاوی کردەوە کە لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان، ئیگنازیۆ کاسیس، وەزیری دەرەوەی سویسرا رایگەیاند، بەبێ بەشداری رووسیا نە چارەسەر و نە رێککەوتنی ئاشتی بۆ ململانێکانی ئۆکرانیا دەکرێت.
وەزیری دەرەوەی سویسرا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، لەبارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا کاسیس گوتی : "هەوڵەکانمان بەردەوام دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ململانێی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا. جەختیشی کردەوە کە گفتوگۆکان بەردەوامی دەبێت تا دەگات بە چارەسەرێک". لای خۆیەوە لاڤرۆڤ گوتی: "رووسیا رەچاوی بێلایەنی سویسرا دەکات، لەم بابەتەدا".
کاسیسیش راشیگەیاند، کە وڵاتەکەی هەوڵی گفتوگۆکردنی ئاشتی دەدات لەگەڵ ئۆکرانیا.
لە 24ی شوباتی 2022 سوپای رووسیا بە فەرمانی ڤلادیمێر پوتین، لە هەرێمی دەنباس، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە دژی ئۆکراینا دەستپێکرد، ئەگەرچی مۆسکۆ دەیویست مەترسییەکان لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی دوور بخاتەوە، بەڵام تادێت گۆڕەپانی جەنگەکە فراوانتر دەبێت و پریشکی ئاگرەکە سنوورەکانی رووسیای بڕیوە و زیانی بە چەندین ناوچەش گەیاندووە.
لە سەرەتای ئەو شەڕەدا رووسیا و ئۆکرانیا بەردەوام ئاماری جەنگەکە بڵاودەکەنەوە و ژمارەکانی هەردوو لاش جیاوازییەکی بەرچاویان هەیە.