پێنتاگۆن: هێرشەکەی سەر حەشدی شەعبی بە فەرمانی راستەوخۆی بایدن بووە
K24 – هەولێر
فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە وەڵامی هێرشە درۆنیی و مووشەکییەکانی گرووپە میلیشیاکانی عێراق بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا، چەند بنکە و بارەگایەکی حزبووڵڵای عێراقی لە قائیم و جەرەفولسەخر بۆردومانکرد، حەشدی شەعبیش رایدەگەیەنێت، لە هێرشەکانی شەوی رابردوودا کوژراو و بریندار هەن.
بەگوێرەی راگەیاندراوێکی پێنتاگۆن، هێرشەکەی ئەمەریکا بە بڕیاری جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا بووە، کە لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریدا هاتووە، هێرشەکەی ئەمەریکا لە وەڵامی ئەو زنجیرە هێرشانەدا بووە کە گرووپەکانی سەر بە ئێران کردوویانەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا، بەتایبەت هێرشەکەی عەین ئەسەد کە لە 20ـی ئەم مانگە کرایە سەر هێزەکانیان و چوار سەرباز بە سووکی بریندار بوون.
وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا و سێنتکۆم راگەیەندراوێکیان بڵاو کردووەتەوە کە دەڵێن: هێرشەکان زۆر بە وردی ئەنجام دراوە، شوێنەکانی ئەو گرووپانە بۆردومان کراوە و کراونەتە ئامانج کە شوێنی مەشق پێکردن و مووشەک هاوێشتن بووە لە قائیم و جەرەفولسەخر.
پات رایدەر گوتەبێژی پێنتاگۆن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: هەماهەنگی زۆر باشمان لە گەڵ هێزەکان و بەرپرسانی عێراقدا هەیە، بەڵام لەو هێرشەدا ئاماژە بەوە نەدراوە کە حکومەتی عێراق لە هێرشەکەدا ئاگادار کراوەتەوە یان نا.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی پێنتاگۆن بێت حکومەتی عێراق ئاگاداری ئەو هێرشە بووە، هەروەها وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بەرۆژنامەنووسانی راگەیاند، 151 هێرش کراوەتە سەر هێزەکانیان کە زیاتر لە 58 هێرش لە عێراق بووە ئەوانی دیکەش لە سووریا بوون.
پێنتاگۆن دەشڵێت: لوید ئۆستن گوتیەتی لەگەڵ جۆو بایدن هەموو رێوشوێنێک دەگرنە بەر بۆ پاراستنی سەربازەکانیان، هەروەها داواش لە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران دەکات هێرشەکانییان بۆ سەر ئەمەریکا و هاوبەشەکانیان رابگرن.
لەلایەکی دیکەوە هەر ئەمشەو ئەمەریکا هێرشی کردووەتە سەر حوسییەکان کە لە 17ـی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا ئەمە نۆیەم هێرشە دەکاتە سەر حوسییەکان، بەگوتەی ئەمەریکا ئەوانیش لەلایەن ئێرانەوە سپۆنسەر دەکرێن پارەیان بۆ خەرج دەکرێت.
ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) بڵاویکردووەتەوە، کاتژمێر 12:15 خولەکی شەوی رابردوو فڕۆکە جەنگییەکانیان لە وەڵامی هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بۆ سەر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا، سێ ناوەندی میلیشیاکانی حزبوڵڵا و گرووپەکانی دیکەی سەر بە ئێرانی لە عێراق بۆردومانکردووە.
دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، ئەو هێرشەی شەوی رابردوو کاتژمێر 12:15 خولەک ئەنجامدرا، سێ پێگەی حزبوڵڵای عێراقی لە ناوچەی جەرەفولسەخر لە بابل لەگەڵ قائیم لە ئەنبار کردووەتە ئامانج کە سوێنی مەشقی سەربازانی ئزبوڵڵای عێراقی بووە.
گوتیشی: دوای هێرشەکە ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتی "سەیدولشوهەدا" کە خۆیان بە بەرەی مقاوەمە دەناسێنن، لەگەڵ جەعفەر حوسێنی، گوتەبێژی حزبوڵڵای عێراقی، لە پلاتفۆرمی X گوتیان "بەردەوام دەبن لە رووبەڕووبوونەوەی دوژمن" کە مەبەستیان ئەمەریکایە.
ئاماژەی بەوەشکرد بەگوێرەی زانیارییەکان چەکدارێکی حەشدی شەعبی بەناوی "عەلی ئەنوەر" کوژراوە و سێی دیکەش بریندار بووە و پێگەکانیشیان بەتەواوی خاپوور بووە.
قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەر)ی پێشوو پەیامێکی لە بارەی هێرشەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر حزبوڵڵا و گرووپە میلیشیاکانی دیکەی عێراقی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی؛ "بە ئامانجگرتنی بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە قائیم و جەرەفولسەخر، کردەیەکی دوژمنکارانەیە و پێشێلکارییەکی زەقی سەروەری عێراقە، هێرشەکان هاوکاری هێورکردنەوەی دۆخەکە ناکەن، بۆیە باشتروایە ئەمەریکا فشار بکات و دوژمنکارییەکانی سەر غەززە رابگرێت، لە بری ئەوەی بنکە و دامەزراوە نیشتمانییەکانی عێراق بکاتە ئامانج".