کەشناسی: لە سەنتەری شارەکان باران و ناوچە سنوورییەکان بەفر دەبارێت

K24 - هەولێر
کەشى هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی بۆ 48 کاتژمێرى داهاتوو بڵاوکردوە و رایگەیاندووە، ئاسمانی کوردستان بەگشتی هەور دەبێت لە سەنتەری شارەکان باران و لە ناوچە سنوورییەکانیش بەفر دەبارێت.
بەشی پێشبینی کەش و هەوا لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە و سبەی پێنجشەممە لە هەرێمی کوردستان ئاسمان بەگشتی هەور دەبێت، لەگەڵ باران بارین لەکاتی جیا جیادا.
هەر بەگوێرەی پێشبینییەکان، لە ناوچە شاخاوییەکاندا بارانی مامناوەندی دەبێت و ناوچە سنوورییەکان بەفرێکی کەمی دەبارێت، لە سەنتەری پارێزگاکانیشدا تاوەکوو دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممەش ئەگەری تاوە باران هەیە، بەڵام رێژەی بارانبارین لە قەڵادزێ، دوکان، رانیە، کۆیە و باکووری رۆژهەڵاتی سەنتەری پارێزگای هەولێر بەراوردە بە ناوچەکانی دیکە کەمێک زیاتر دەبێت.
هەروەها ئاماژەیداوە، ئاراستەی با بەرەو باشووری خۆرهەڵات دەبێت و خێراییەکەی لە 10 بۆ 15 کیلۆمەتر دەبێت لە هەر کاتژمێرێکدا، پلەکانی گەرماش نزم دەبێتەوە بە چەند پلەیەک، کە بەرزترین پلە لە گەرمیان 18 پلەی سیلیزی و نزمترین پلەش حاجی ئۆمەران دەبێت، کە دوو پلەی سیلیزییە، بەهۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما مەوداى بینین لە حەوت تاوەکوو نۆ کیلۆمەتر دەبێت.