مافی مرۆڤ پرۆپاگەندەی دیارنەمانی سزادراوێک رەتدەکاتەوە

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هه‌رێمی كوردستان
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هه‌رێمی كوردستان

K24-هەولێر:

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بڵاوی دەکاتەوە، پرۆپاگەندەی دیارنەمانی سزادراو  نەزیر میکائیل ئەحمەد لە چاکسازانی گەورانی دهۆک رەتدەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، ئێستا سزادراوەکە لە چاکسازی گەورانی دهۆک سزاکەی تەواو دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە(24ی کانوونی دووەمی 2024)، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆپاگەندەیەک لەبارەی ونبوونی سزادراو نەزیر میکائیل ئەحمەد لە چاکسازی گەورانی دهۆک رەتدەکاتەوە و لە راگەیانداروێکدا ئاشکرای دەکات، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و هەندێ ماڵپەڕ دەنگۆیەک  بڵاوکرایەوە سەبارەت بە دیار نەمانی سزادراو ( نذیر میکائیل احمد ) لە چاکسازی گەورانی دهۆک، بۆ ئەو مەبەستە ڕاستەوخۆ دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەدوا داچونی بۆ ئەو هەواڵە کرد لە ڕێگەی نوسینگەی دهۆکی دەستەکەمانەوە.

بەپێی راگەیاندراوەکە، ڕۆژی 24/1/2024 بەڕێوەبەری نوسینگەی دهۆک ( دلێر عبدالله حسن ) سەردانی چاکسازی گەورانی کردووە، دوای بینینی بەڕێوەبەری ئەوێ، دواتر بەتەنیا لەگەڵ سزادراو دانیشت و لە نزیکەوە گفتوگۆی لەگەڵ کردو گوێی بۆ گرت سەبارەت بەکەیسەکەی.

دەستەی مافی مرۆڤ ئاشکرای کردووە، ناوبراو بەپێی ماددەی 1 ی یاسای ژمارە 21 ی ساڵی 2003  بۆ ماوەی 7 ساڵ بەندکراوە ، دواتر بەبڕیاری دادگای تێهەڵچونەوە ماوەی سزاکەی بۆ کەم کراوەتەوە بۆ (3) ساڵ و ماوەی سزاکەی لە ڕێکەوتی 10/2/2024 کۆتایی دێت.

سەبارەت بەهەواڵی دیارنەمانیشی، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ رایدەگەیەنێت:  ناوبراو خۆی و ئیدارەی چاکسازیش ئەوەیان ڕەت کردەوەو ئاماژەیان بەوەکرد کە ناوبراو لەسەر کەیسێکی تر ڕەوانەی ئاسایشی دهۆک کراوە بەمەبەستی لێکۆڵینەوە، دوای تەواو بوونی ڕێکارەکان دواتر گەڕێنراوەتەوە شوێنی خۆی و، لە ئێستادا لەناو چاکسازی گەوران سزاکەی خۆی تەواو دەکات.

سەبارەت بە تەندروستی و ڕەوشی مرۆیی ناوبراو لەناو چاکسازی وەک خۆی باسی کردوە ، تەندروستی زۆر باشەو هیچ کێشەیەکی نیە، هاوکات سوپاسی مامەڵەو  خزمەتگوزاریەکانی ناو چاکسازیشی کردووە.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوە کردووە، بۆ ئەو مەبەستە و زیاتر بەدوا داچون بۆ ئەو دۆسیەیە، بەڕێوەبەری نوسینگەی دهۆکی دەستە پەیوەندی کردووە بە کوڕی ناوبراو بۆ دڵنیابونەوەیان لەوەی کە دەستە بەردەوام دەبێت لە بەدوا داچون و چاودێری کردنی کەیسەکەیان لەچوارچێوەی یاساو ڕێکارو ڕێنماییەکان و ئەرکی دەستە.