شاندی دانوستانکاری هەرێم: ئەوەی پێویست بووە لە زانیاری و داتا و بەڵگەنامەکان خستومانه‌ته‌ بەردەم وەزارەتی نەوتی عێراق

K24 - هەولێر:

شاندی دانوستانکاری حكومه‌تی هه‌رێم و تیمی باڵای وەزارەتی سامانە سرووشتیەکانی حکومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز کۆبوونەوە.

ئومێد سه‌باح سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 24ـی كانوونی دووه‌می 2024) رایگه‌یاند، لە کۆبوونەوەكه‌ی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی باڵای وەزارەتی سامانە سرووشتیەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز،  باس لە دوایین پێشهاتەکانی گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا کرا سەبارەت بە یاسای بودجە و نەوت و تیشکخرایە سەر هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم لە چوارچێوەی بەرگری لە مافە دەستوریەکانی هەرێم بە ئاراستەی چارەسەری کێشەکان.

هه‌روه‌ها ئومێد سه‌باح راشیگه‌یاند، لە کۆبوونەوەکەدا نیازی حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەری ریشەیی جەختی لێکرایەوە و ئەوەی لەسەر حکومەتی هەرێم بووە ئەنجامیداوە تاکو گفتوگۆکان بگەنە ڕێکەوتن و چارەسەر، هەرێمی کوردستان ئەوەی پێویست بووە لە زانیاری و داتا و بەڵگەنامەکان خستویەتییە بەردەم وەزارەتی نەوتی عیراق.

سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان روونیشیكرده‌وه‌، لە کۆبونەوەکەدا خواستی هەرێم بۆ هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیاکان خرایەڕوو، ئەم بابەتەش پێویستی بە ڕێگاچارە و  لێکتێگەیشتنی هاوبەشی هەموو لایەکە سەبارەت بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت.

ئومێد سه‌باح گوتیشی: "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس لەو ئالنگاریانەش کرا کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوو هاتۆتە پێش کۆمپانیاکانی نەوت، کە بەهۆی بارودۆخی ئابووری بۆیان دروستبووە، بەسوپاسەوە تیشکخرایە سەر خۆڕاگری کۆمپانیاکان و  لەبەرامبەر ئەو ئاستەنگانەی کە هاتۆتە بەردەمیان، و ئاماژەش بەوەدرا  بە پێکەوەیی لەگەڵ حکومەتی هەرێم کارەکانیان سەرکەوتووتر دەبن، و بڕیار درا ئەم جۆرە کۆبونەوە هاوبەشانە بەردەوام بن بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری هاوبەش بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان،  ئەمەش لە پێناو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کە رۆڵی گرنگی دەبێت لە بوژاندنەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق".

دوێنێش وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌میانه‌ی روونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، هیچ شتێكی نامۆ و نایاسایی لەناو لیستی فەرمانبەران و مووچە خۆرانی هەرێمدا نییە.

رۆژی 14ـی کانوونی دووەمی 2024 باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆنفراسنێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و کارکردن بە یاسای بودجە بۆ ساڵی 2024 و  بە گوێرەی خەرجی راستەقینە بۆ مانگی کانوونی دووەم، هەرێمی کوردستان بە بڕی 618 ملیار و 578 ملیۆن و 29 هەزار دینار پارەدار دەکرێت.

هه‌روه‌ها لە کۆبونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی چەند بڕیارێک درا، لەنێو ئەو بڕیارانەش پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر درا کە، بەپێی بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024، هاوکات بەپێی خەرجی راستەقینە، 618 ملیار دینار  578 ملیۆن و 29 هەزار بۆ  مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2024ی بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.

پێشتریش شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد، لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق داوایان کرد، بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2024، لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەموار بکرێتەوە، ئەمەش بە جیاکردنەوەی خەرجی راستەقینە لە مووچەی فەرمانبەران، هاوکات مووچەی فەرمانبەران بخرێتە سەر بودجەی (حاکیمە).