بریندارانی شەڕی داعش خەڵات دەكرێن
ھەندێك لە پێشمەرگە بریندارەكان گلەییان ھەیە

K24 - سۆران
لە مەراسیمێكدا لە ھۆڵی بوونەكانی سۆران 150 پێشمەرگەی برینداربووی شەڕی داعش خەڵات كران.
پەیامنێری (كوردستان24) لە سۆران رایگەیاند: "رێكخراوی ئەنفالی بارزانییەكان 150 پێشمەرگەی خەڵاتكرد كە لە شەڕی دژی داعش برینداربوونە".
یەكێك لەو پێشمەرگە بریندارانە بە ناوی مامەند حوسێن، بە (كوردستان24)ی گوت: "پێشمەرگەم لە یەكەی 124 ی سەر بە یەكەكانی 70ی ھێزی پێشمەرگە، لە 10/1/2015، لە سنووری داقوق برینداربووم، ئێستا بەھۆی برینداربوونمەوە ئازارم زۆرە".
ھەندێك لەو پێشمەرگانە گلەییان لە وەزارەتی پێشمەرگە ھەیە پێیانوایە وەك پێویست ئاوڕیان لێنەداونەتەوە، پێشمەرگەیەك كە لە شەڕی دژی داعش برینداربووە دەڵێ: "ئێمە كۆمەڵێك بریندارین پێویستمان بە چارەسەرە لە دەرەوەی وڵات، بەڵام لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگە پەراوێز خراوین".
گوتیشی: "جەنابی سەرۆك، خۆی پێشمەرگەیە و مەعاناتی پێشمەرگە دەزانێت، بۆیە داوای لێدەكەین ھاوكاری ئەو پێشمەرگە بریندارانە بكات كە پێویستیان بە چارەسەرە لە دەرەوەی وڵات، ھەروەھا دەستخۆشی لە رێكخراوی ئەنفالی بارزانییەكان دەكەم كە ئێمەیان بیرەو خەڵاتمان دەكەن".