وه‌زاره‌تی ناوخۆ: په‌كه‌كه‌ بووه‌ته‌ بەشێک لە پیلانە ناوچەییەکان دژ بە قەوارەی هەرێمی کوردستان

وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هەولێر:

وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، میدیای سەر بە پەکەکە لە هەواڵێکی چەواشەکارانەدا وایان بڵاوکردۆتەوە، لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە لە دەڤەری ئامێدی هێرشیان کراوەتە سەر. ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، په‌كه‌كه‌ بووه‌ته‌ بەشێک لە پیلانە ناوچەییەکان دژ بە قەوارەی هەرێمی کوردستان.

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆدا هاتووه‌: بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم کوردستانیان لە سەرانسەری جیهان رووندەکەینەوە، چەکدارانی سەر بە پەکەکە نیوەڕۆی ئەمڕۆ رێکەوتی 24/1/2024 بە دەیان کیلومەتر دوور لە سنووری تورکیا لە دەڤەری ئامێدی، بەبێ رێزگرتن لە دامودەزگا فەرمی و دەستوریییەکانی هەرێم، زێدەڕۆییان بۆ سەر بازگەیەکی هێزەکانی زێرەڤانی کردووە و دواتر بە مووشەک هێرشیانکردووه‌ته‌ سەر هەمان بازگە و هێزەکانی پێشمەرگەی زێرەڤانیش لە پێگەکانی خۆیانەوە بەرگرییان لە خۆیان کردووە.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، ئەم هەوڵەی چەکدارانی پەکەکە لە چوارچێوەی ئەو هێرش و کردارە تێکدەرانەیە، بە مەبەستی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم ئەنجام دەدرێت و بە داخەوە ئەوان بوونەتە بەشێک لە پیلانە ناوچەییەکان دژ بە قەوارەی هەرێمی کوردستان.

دواجار وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌ڵێت: "هەرێمی کوردستان نابێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانێیە ناوچەییەکان و پاڵپشتی هەموو هەوڵ و رێکارێکی ئاشتیانەش دەبین لە پێناو چارەسەریی کێشەکان و جێگیرکردنی ئاشتی و ئارامی، بەڵام مافی بەرگریکردن بۆ هێزەکانمان پارێزراوە و  بە توندی دژی هەر هەوڵێک دەوەستین کە قەوارەی هەرێمی کوردستان و دامودەزگا فەرمییەکانی بکاتە ئامانج".