بازرگان و خاوەن کۆمپانیاکان لە خراپی کەرتی فڕۆکەوانیی عێراق نیگهرانن

K24 – بەغدا:
لەگەڵ سزادانی کۆمپانیای فڕۆکەوانی فڵای بەغداد لە لایەن ئەمریکاوە، بازرگان و خاوەن کۆمپانیاکان باس لە خراپی کەرتی فڕۆکەوانیی عێراق دەکەن. نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و دواخستنی گەشتەکان دیارترین سیمای کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانین.
سزادانی کۆمپانیای فڵای بەغداد قەیرانێکی نوێیە بەرۆکی کەرتی فڕۆکەوانی عێراقی گرتووە، هەروەها دواکەوتنی گەشتەکان و نەبوونی خزمەتگوزاری هۆکاری سەرەکی ناڕەزایەتی زۆرێک لە گەشتیارانە.
عەلی باسم، رۆژنامەنووس، بە کوردستان24ـی راگەیاند، دواکەوتنی گەشتەکان، نەبوونی فڕۆکە و گۆڕینی کاتی گەشتەکان بەبێ ئاگادارکردنەوە، کێشەی هەرەگەورەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانییە، لە کاتێکدا دەبێت چارەسەری پێشوەختە بۆ ئەم کێشانە بدۆزرێتەوە.
سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر کۆمپانیای فڕۆکەوانی فڵای بەغداد هەر بەوەندە ناوەستێت، بەڵکو کاریگەری لەسەر تەواوی کەرتی فڕۆکەوانی لە عێراق دروستکردووە، ئەم کاریگەریەش بەڕوونی بەسەر کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار و فرۆشی بلیتەکانیانەوە دیارە.
لەلایەن خۆیەوە، عەلی زوبەید، خاوەنی کۆمپانیایەکی گەشتوگوزار بە کوردستان24ـی گوت: سزاکان کاریگەرییان لەسەر کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار هەبووە بە تایبەتی لە کڕینی بلیتی گەشتکردن، لە عێراق هێڵی فڕۆکەوانیمان کەمە، هێڵی ئاسمانی عێراقییە و فڵای بەغدادمان هەیە، بۆیە کاریگەرییەکی نەرێنی بەرچاوی هەبووە.
لە بەرامبەر ئەو سزانەی کە بەسەریدا سەپێندراوە کۆمپانیای فڵای بەغداد لە راگەیەندراوێکدا تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە، شارەزایانیش دەڵێن ئەو سزایانە کاریگەریان لەسەر کەرتی فڕۆکەوانی عێراقی دەبێت.
رۆژی دووشەممە (22ـی کانوونی دووەمی 2024) وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی، بە تۆمەتی هاوکاریکردنی سوپای پاسدارانی و گرووپە چەکدارەکان لە عێراق، سووریا و لوبنان، سزای بەسەر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فڵای بەغداد سەپاند.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی فڵای بەغداد فڕۆکەکانی بەکارهێناوە بۆ گواستنەوەی چەکداران، چەک و پارە بۆ سووریا و لوبنان بۆ پاڵپشتیکردنی گرووپە میلیشیکانی ئەو دوو وڵاتە کە لەلایەن ئێرانەوە ئارستەدەکرێن.