هیلاری : داوای پێشکەوتنی زیاتر بۆ ئەمەریکا دەکەین

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی پێشوتری ئەمەریکا رایگەیاند، لە ئێستادا هەڵبژاردن فراوانتر و روونتر بووەتەوە لە ئەمەریکا، بۆیە داوای پێشکەوتنی زیاتر دەکەین بۆ ئەمەریکا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ـی کانوونی دووەمی 2024، هیلاری کلینتۆن، وەزیری دەرەوەی پێشوتری ئەمەریکا، لە پلاتفۆڕمی ئێکس "تویتری پێشوو" رایگەیاند، دوای هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی کۆمارییەکان لە نیو هامشایر، لە ئێستادا هەڵبژاردن روونتر بووەتەوە لە ئەمەریکا ، ئایا فراوانکردنی ئازادی و دیموکراسی هەڵدەبژێریت لەگەڵ بایدن، یان قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵ لەگەڵ ترەمپ؟، بەڵام  من دەڵێم: "بەڵێ بۆ زیاتر پێشکەوتنی ئەمەریکا".

ترەمپ بە رێژەی 54.3% (173 هەزار و 426 دەنگ) لە نیکی هێڵی، باڵیۆزی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان بردەوە، بەرێژەی 43.4%، هەروەها رکابەرەکەی ترەمپ هێڵی 138 هەزار و 546 دەنگی هێناوە.

لە ئەنجامی وەڵامی دەنگەکانی نیو هامشایردا، هێڵی لە وتارێکیدا گوتی: دەمەوێت دان بەوەدا بنێم و پیرۆزبایی سەرکەوتنەکەی ئەمشەو لە دۆناڵد ترەمپ بکەم، شایەنی ئەوە بوو، ئاماژەی بەوەشکرد کە هێشتا پێشبڕکێکە کۆتایی نەهاتووە و گوتی: "نیو هامشایر ویلایەتی ژمارە یەکە لە وڵاتەکەدا"، بەڵام  ئەوە دوا ویلایەت نییە لە ئەمەریکا دەیان ویلایەتی دیکە ماوە.

ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە 5-11-2024 بەڕێوەدەچێت، دۆناڵد ترامپ، لە یەکەم هەڵبژاردنی پارتی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی کاندیدەکەی کە لە ویلایەتی ئایۆوا ئەنجامدرا سەرکەوتنێکی گرنگی بەدەستهێنا، دیسانتیس بە جیاوازییەکی زۆر لە پلەی دووەمدا هاتووە، بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیای "ئیدیسۆن ریسێرچ"، پێش نیکی هێلی باڵیۆزی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان کەوتووە.

ترامپ بە سەرکەوتنەکەی، هەژموونی خۆی بەسەر پارتەکەدا پشتڕاستکردەوە لە کاتێکدا کە هەوڵدەدات سێیەم سەرکەوتنی کاندید لەسەریەک بەدەستبهێنێت و بەشداری دووەمین رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی دیموکراتەکان بکات.

بڕیارە ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەرێوەبچێت، کە دۆناڵد ترامپی کاندیدی کۆمارییەکان و جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان و سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا کێبرکێ لەسەر ئەو پۆستە دەکەن.

Fly Erbil Advertisment