کەتائیبی قەسام: لە ناو خانوێکدا لە خان یونس 15 سەربازی ئیسرائیلی کرانە ئامانج
K24 - هەولێر
کەتائیبی قەسام رایگەیاند، لە خان یونس کە ماوەیەکە شەڕێکی توندی تێدایە، 15 سەربازی ئیسرائیلیان کوشت و بریندارکردووە.
کەتائیبی قەسام باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە، لە یەکێک لە خانووەکانی رۆژئاوای خان یونس، 15 سەربازی هێزەکانی ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج.
کەتائیبی قەسام راشیگەیاند، هەموو ئەو سەربازانە بە "ئاربی جی" کراونەتە ئامانج، کوژران و برینداربوون.
لە بایاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، چەکدارەکانیان لەگەڵ هێزێکی پشتیوانی کە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە پێکیاندادا کە لەئەنجامدا 10 سەرباز کوژراون.
راشیگەیاند، پێنج تانکی سەربازانی ئیسرائیلیان لە رۆژئاوای خان یونس، بە ئار بی جی "ئەلیاسین 105" کردووەتە ئامانج و تێکشکێندراون.
رۆژی شەممە، 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، بزووتنەوەی حەماس لە چەند قۆڵێکەوە هێرشی کردە ناوخاکی ئیسرائیل، بەگوێرەی راگەیەندراوی حکومەتی ئیسرائیل، لەو هێرشەدا زیاتر لە هەزار و 200 کەس کوژران و زیاتر لە 240 هاووڵاتیی ئیسرائیلیشیان بارمتە گرت، دوای ئاگربەستێکی کاتیی و یەک هەفتەیی، کە ئاگربەستی مرۆیی ناونرا لەبەرامبەر ئازادکردنی زیاتر لە 100 بارمتە، سوپای ئیسرائیل رێگەی بە گەیاندنی بەشێک لە هاووکاریی مرۆیی بۆ کەرتی غەززەدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی کانوونی دووەمی 2024، شەڕی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل پێدەنێتە 111 یەمین رۆژ و بە گوێرەی دوا ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، لە هێرش و بۆردومانەکانی ئیسرائیل، زیاتر لە 25 هەزار 700 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون و زیاتر لە 63 هەزار و 740 کەسی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵ.