وادەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ دیاریکرا

باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق
باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

پێشنیوەڕۆی شەممەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە. بڕگەی یەکەمی دانیشتنەکە تایبەت کراوە بە هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25-01-2024، فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق کارنامەی دانیشتنی رۆژی شەممەی داهاتوو، 27-01-2024ـی پەرلەمانی بڵاوکردەوە کە کاتژمێر 11:000ـی پێشنیوەڕۆ دەستپێدەکات.

دانیشتنەکە لە حەوت بڕگە پێکدێت؛ بڕگەی یەکەمی تایبەت کراوە بە بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق.

رۆژی شەممە، 13-01-2024، گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، بەڵام لەبەر ئەوەی هیچ کاندیدێک دەنگی پێویستی بەدەستنەهێنا، دانیشتنەکە دواخرا.

بڕگەی دووەمی دانیشتنەکە، تایبەت دەبێت بە دەنگدان لەسەر ڕەشنووسی یاسای قەرەبووکردنەوەی نەخۆشانی کەمی بەرگری لە لایەن لیژنەی تەندروستی و ژینگەوە. بڕگەی سێیەمیش، بۆ دەنگدان لەسەر ڕەشنووسی یاسای بەکرێدانی زەوییە کشتوکاڵییەکان تەرخانکراوە.

هەرچی بڕگەی چوارەمیشە، تایبەت کراوە بە خوێندنەوەی یەکەم بۆ ڕەشنووسی یاسای پەسەندکردنی رێککەوتنی خزمەتگوزاری گواستنەوەی ئاسمانی لە نێوان هەردوو وڵاتی سووریا و عێراق. لە بڕگەی پێنجەمیشدا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ ڕەشنووسی یاسای پەسەندکردنی ڕێکەوتنی لێخۆشبوونی هاوبەش لە مەرجەکانی ڤیزەی چوونە ژوورەوە بۆ خاوەن پاسپۆرتی دیپلۆماسی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی کۆریای باشوور دەکرێت.

بەگوێرەی کارنامەی دانیشتنەکە، لە بڕگەی شەشەمدا، خوێندنەوەی دووەم بۆ ڕەشنووسی یاسای پەسەندکردنی پرۆتۆکۆلی عەرەبی بۆ ڕێگریکردن و بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، بەتایبەتی ژنان و منداڵان دەکرێت. لە بڕگەی حەوتەمیشدا، خوێندنەوەی دووەم بۆ ڕەشنووسی یاسای هەمواری یەکەمی یاسای سندوقی نیشتەجێبوونی عێراقی ژمارە (32)ی ساڵی 2011 دەکرێت.

Fly Erbil Advertisment