کەشناسی: شەپۆلێکی بەفربارین شاخەکانی سلێمانی و دهۆک دەگرێتەوە

K24 - هەولێر
بەشی پێشبینی کەش و هەوا لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای سلێمانی و سبەی هەینیش لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک بەفر دەبارێت.
بەگوێرەی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاسمانی هەرێمی کوردستان بەگشتی هەور دەبێت لەگەڵ نمە باران، بەتایبەتی لەناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان بەدیاریکراوی لە پارێزگای سلێمانی، بەفر لەناوچە شاخاوییەکانی دەبارێت، بەڵام دەمەو ئێوارە کاریگەرییەکانی دابارین کەم دەبێتەوەو و ئاسمان بەرەو نیمچە هەور دەگۆڕێت.
هەروەها سبەی هەینی 26ی کانوونی دووەمی 2024 ئاسمانی لە نیمچە هەورەوە بۆ هەوری تەواو دەگۆڕیت، بەهۆیەوە شەپۆڵێکی دیکەی بەفر و باران هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، سەرەتاش دابارین لە ناوچەکانی رۆژئاوای هەرێمی کوردستان و پارێزگای دهۆک بەشێوەی نمە باران و بەفر ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە، پاشان کاریگەرییەکەی درێژ دەبێتەوە بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و تاوەکوو رۆژی شەممە بەردوام دەبێت.
بەگوێرەی پێشبینییەکان بەهۆی کاریگەرییەکانی شەپۆلەکە پلەکانی گەرمان لە سێ بۆ پێنج پلەی سیلیزی نزم دەبێتەوە، بە تایبەت لە پارێزگای دهۆک.