عێراق و ئەمەریکا لەسەر پێكهێنانی كۆمیسیۆنێکی باڵای سەربازی رێککەوتن

K24 – هەولێر:
هەردوو حکومەتی عێراق و ئەمەریکا لەسەر پێكهێنانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربازی و دیاریكردنی وادەیەك بۆ گۆڕینی ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و گۆڕینی ئەرکەکەیان رێككەوتن.
رۆژی پێنجشەممە (25ـی کانوونی دووەمی 2024) لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریكا رایگەیاند، لەسەر بنەمای ئەو پرۆسەیەی ئەمەریكا و عێراق لە دیالۆگی هەماهەنگی هاوبەشی ئاسایشی نێوانیان لە مانگی ئابی 2023 لە واشنتن دەستیانپێكردووە، لە رۆژانی داهاتوو كۆبوونەوەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربازی ئەمەریكا و عێراق دەستپێدەكەن.
ئۆستن ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمەش هاوكار دەبێت بۆ دروستكردنی هاوبەشی بەردەوامی نێوانمان لە بواری ئاسایش، لەسەر بنەمای ئەو سەركەوتنانەی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ كەمپەینی دژی داعش لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەدەستیهێناوە.
هەروەها وەزیری بەرگری ئەمەریكا رایگەیاندووە، گواستنەوەمان بۆ قۆناغی دانانی خشتەی كاتی بۆ گۆڕینی ئەركەكانمان لە عێراق بە لەبەرچاوگرتنی سێ فاكتەری سەرەكی كە بریتین لە: هەڕەشەی داعش، هەڵومەرجی گونجاو و پێداویستییەكان و توانای هێزە سەربازییەكانی عێراق.
هاوکات لۆید ئۆستن جەختیکردەوە، هێزەكانی ئەمەریكا لەسەر بانگهێشتی حكومەتی عێراق و لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەو وڵاتەن. ئەمەریكاش پابەندە بە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری عێراق و ناوچەكە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش پابەندی خۆی بە پاراستنی راوێژكارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دووپاتدەكاتەوە و ئاماژەبەوەش دەكات، گفتوگۆکانیشیان بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای سەربازی بۆ هەڵسانگادنی مەترسی داعش و دیاریکردنی خشتەیەکی كاتی بۆ ماوەی مانەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق سەرکەوتوو بوون.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، دەست بە کەمکردنەوەی ژمارەی راوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانی نێوەدوڵەتی لە دژی داعش دەکرێت و کار دەكەن بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکە سەربازییەکانیان لە عێراق. لە و ماوەیەشدا، حکومەتی عێراق پابەندە بە پاراستنی راوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و رێگریکردن لە تەشەنەکردن و پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە رۆژی (24ـی کانوونی دووەمی 2024) وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاشکرای کرد، حکومەتی ئەمەریکا نامەیەکی ئاڕاستەی حکومەتی عێراقی کردووە، بێ ئەوەی ناوەڕۆکی نامەکەی ئەمەریکا ئاشکرا بکات و ئاماژەی بەوەشکرد، فوئاد حوسێن، جێگری سهرۆكوهزیران و وهزیری دهرهوهی عێراق پێشوازی له ئیلینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئهمهریكا له عێراق كردووە و، له دیدارێكدا نامهیهكی گرنگی حكومهتی ئهمهریكای بۆ حكومهتی عێراق پێگهیاندووە.
لە هەمان رۆژدا، محهممهد شیاع سوودانی، سهرۆكوهزیران و فهرماندهی گشتی هێزه چهكدارهكانی عێراق سهرپهرشتی كۆبوونهوهی ئهنجوومهنی وهزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی كرد و تێیدا دوایین پێشهاته ئهمنییهكانی عێراق تاوتوێ كرا و بە گوێرەی راگەیەندراوی یەحیا رەسوول، گوتهبێژی هێزه چهكدارهكانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا، سوودانی جهختی لهسهر گرنگی بههێزكردن و پاراستنی ئاسایشی تهواوی عێراق كردووهتهوه بۆ ئهوهی حكومهت بتوانێت بهرنامه و پلانی گهشهپێدان و ئاوهدانی جێبهجێ بكات.
بەهۆی بەردەوامی هێرشە درۆنییەکانی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بۆ سەر بنکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و سووریا و وەڵامدانەوەی چەند جارەی سووپای ئەمەریکا بە بۆردومانکردنی بارەگای چەند گرووپێکی سەر بە حەشدی شەعبی کە خۆیان بە بەرەی مقاوەمەی عێراقی ناساندووە، دۆخی ئەمنی عێراق بەرەو پەرەسەندنێکی خراپ هەنگاوی دەنا بۆیە، بەغدا و واشنتن پەنا بۆ گفتوگۆ دەبەن.
بەگوێرەی دانپێدانانی گرووپەکان و سوپای ئەمەریکا، لە 17ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە زیاتر لە 175 هێرش لەلایەن گرووپە چەکدارە عێراقییەکانەوە کراوەتە سەر بنکە و ئامانجە دیاریکراوەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، کە حکومەتی فیدراڵی لە چەند لێدوانێکی فەرمیدا دووپاتی هەڵوێستی واشنتنی کردووەتەوە کە لەسەر داوای بەغدا لە عێراقن بۆ هاوکاریکردنیان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.