کێڵگەی غازیی کۆرمۆر بۆردومانکرا

كێڵگه‌ی غازیی كۆرمۆر - وێنە: ئه‌رشیف
كێڵگه‌ی غازیی كۆرمۆر - وێنە: ئه‌رشیف

K24 – گەرمیان:

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەمشەو هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی غازیی کۆرمۆر لە سنووری ناحیەی قادرکەرەمی قەزای چەمچەماڵ، کە کۆمپانیای دانەغاز تێیدا کاردەکات.

ئەمشەو (25ـی کانوونی دووەمی 2024) پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، لە رێگەی مووشەکی کاتیۆشاوە هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی غازیی کۆرمۆر و لە نزیک کۆگاکانی سووتەمەنی کەوتووەتە خوارەوە.

بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیەی بۆ سۆشیال میدیا کوردستان24 نێردراوە، شایەتحاڵەکان لە نزیک کێڵگەکە ئاماژە بەبوونی ئاگرێک دەکەن لەنزیک شوێنی کۆگاکانی سووتەمەنی و ئاماژە بەوە دەکەن، ئاگرێکی بچووک لە شوێنی کەوتنەخوارەوەی کاتیۆشاکان کەوتووەتەوە.

لەبارەی قەبارەی زیانەکانی ئەو هێرشە، تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمی نەدراوە، بەڵام شایەتحاڵەکان ئاماژە بە زەنگی ئاگادارکردنەوە لە کێڵگە غازییەکە دەکەن بۆ کەوتنە حاڵەتی ئامادەباشی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.

کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، کە لە ساڵی 2007 ەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵەوە، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات. 

Fly Erbil Advertisment