سەرچاوەیەک بۆ کوردستان24: دوو کاتیۆشا لەنێو کێڵگەی کۆرمۆر کەوتوونەتە خوارەوە

K24 – کەرکووک:
سەرچاوەیەکی ئەمنی بۆ کوردستان24 رایگەیاند، بە مووشەکی کاتیۆشا هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی غازیی کۆرمۆر و دوو کاتیۆشا لەنێو کێڵگەکە کەوتووەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی نەبووە.
شەوی پێنجشەممە (25ـی کانوونی دووەمی 2024) سەرچاوەیەکی ئەمنی بۆ کوردستان24 ئاشکرایکرد، کاتژمێر 10:30ـی شەو، بە کاتیۆشا هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی نەوتی – غازیی کۆرمۆر لە سنووری ناحیەی قادرکەرەم لە قەزای چەمچەماڵ و دوو کاتیۆشا لەنێو سنووری کێڵگەکە کەوتووەتە خوارەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان هیچ زیانێک لەو هێرشە نەکەوتووەتەوە و کاتیۆشاکان لە شوێنی چۆڵدا کەوتوونەتە خوارەوە.
ناحیەی قادر کەرەم ئێستا لە سنووی قەزای چەمچەماڵە کە پێشتر سەر بە قەزای دووزخورماتوو بوو لە پارێزگای سەڵاحەددین و یەکێکە لە ناوچەکانی سنووری ماددەی 140.
هاوکات سەرچاوەیەک لە قایمقامییەتی چەمچەماڵ بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە هێرشەکەی ئەمشەوی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، کاتیۆشایەک بەر یەکێک لە عەمبارەکانی نەوتی رەش و پاشماوەی غازیدا کەوتووە و لە ئەنجامدا گڕی گرتووە و تیمەکانی بەرگری شارستانی سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن.
بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیەی بۆ سۆشیال میدیا کوردستان24 نێردراوە، شایەتحاڵەکان لە نزیک کێڵگەکە ئاماژە بەبوونی ئاگرێک دەکەن لەنزیک شوێنی کۆگاکانی سووتەمەنی و دەڵێن، ئاگرێکی بچووک لە شوێنی کەوتنەخوارەوەی کاتیۆشاکان کەوتووەتەوە.
کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، کە لە ساڵی 2007 ەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵەوە، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات.