دادگای دادی نێودەوڵەتی: پێویستە ئیسرائیل رێگری لە جینۆسایدکردنی خەڵکی غەززە بکات

دادگای دادی نێودەوڵەتی
دادگای دادی نێودەوڵەتی

K24 – هەولێر:

دادگای دادی نێودەوڵەتی بڕیاریدا کە پێویستە ئیسرائیل رێگری لە جینۆسایدکردنی خەڵکی غەززە بکات و هاندەرەکانیش سزابدات، هەروەها گرێنتی دابینکردنی پێداویستییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە بکات.

رۆژی هەینی (26ـی کانوونی دووەمی 2024) جۆون دانەهیو، سەرۆکی دادگای دادی نێودەوڵەتی رایگەیاند:" دەبێت دەوڵەتی ئیسرائیل رێکاری پێویست بۆ رێگریکردن و سزادانی هاندەرەکان بۆ جینۆسایدکردنی فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە بگرێتەبەر، 16 دەنگ بەرانبەر بە دەنگێک، پێویستە ئیسرائیل رێکاری دەستبەجێ و کاریگەر بۆ گەرەنتیکردنی دابینکردنی خزمەتگوزاری و پێداویستی مرۆیی بگرێتەبەر، تا دۆخی خراپی ژیانی فەڵەستینییەکانی کەرتی غەززە چارەسەر بکات".

رۆژی هەینی (26ـی کانوونی دووەمی 2024) لەدانیشتنێکی کراوەدا، دادگای دادی نێودەوڵەتی کە بارەگەکەی لە لاهای هۆڵندایە، بڕیاری خۆی سەبارەت بە سکاڵاکەی باشووری ئەفریقا دژی ئیسرائیل، لەبارەی تێوەگلانی لە جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی دەرکرد.

پێشتریش ئوسامە حەمدان، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس رایگەیاندبوو: "پێویستە قەوارەی زایۆنی کۆتایی بەو گەمارۆیە بهێنێت کە ماوەی هەژدە ساڵە لەسەر غەززەی دانەوە، هەروەها بەبێ مەرج رێگە بە گەیشتنی هاوکارییەکان بۆ کەرتەکە بدات و لە بەرامبەردا، بەرەی مقاوەمەش بارمتەکانیان ئازادەکات".

هەروەها حەمدان گوتیشی: ئەگەر دادگای لاهای بڕیاری ئاگربەست بدات، حەماس ئامادەیە بەبڕیارەکەوە پابەندەبێت، دەبێت لایەنی ئیسرائیلیش پابەندی بڕیارەکەبن. جەختی لەوەشکردەوە، "نێوەندگیرەکان سەرقاڵی رێکخستنی رێککەوتنن بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەکان، بەڵام حەماس سوورە لەسەر ئەوەی گەر ئیسرائیل دەیەوێت بارمتەکان بەزیندوویی ئازادبن، دەبێت کۆتایی بە شەڕخوازییەکانی بهێنێت".

ئەمە لەکاتێکدایە، پێش دووهەفتە، بەتۆمەتی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لەکەرتی غەززە، باشووری ئەفریقا لە دادگای دادی نێودەوڵەتی سکاڵای لەسەر ئیسرائیل تۆمارکرد.

لەلایەن خۆیانەوە، کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئیسرائیل، بەهۆی کاردانەوەکانی سکاڵای باشووری ئەفریقا لە دژی ئیسرائیل لە دادگای دادی نێودەوڵەتی، لە مانگی سێی ئەمساڵەوە گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ باشووری ئەفریقا رادەگرن و ئاماژەی بەوەشکردووە، داواکاری گەشتکردن بۆ باشووری ئەفریقا و بەتایبەتی شاری جۆهانسبێرگی پایتەختی ئەو وڵاتە بەرێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، لەبەرئەوەی لە دوومانگی داهاتوودا گەشتەکانیان بۆ ئەو وڵاتە ئەفریقییە بەتەواوی رادەگرن.