کاروان ستوونی: لە هەوڵداین بۆ گەڕاندنەوەی عومرەکاران
K24 – هەولێر:
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات، نزیکەی 250 عومرەکار بەهۆی سزاکانی سەر هێڵی ئاسمانی فڵای بەغدا لە شاری مەدینە ماونەتەوە و نەیانتوانی بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان. گوتیشی: رۆژی یەکشەمە یان دووشەمە لە رێگەی هێڵی ئاسمانی دیکەوە عومرەکان دەگەڕێندرێنەوە بۆ شارەکانی هەرێمی کوردستان.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، رۆژی سێشەممەی رابردوو دەبوو کۆمەڵێک عومرەکار لە سعوودییە بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام دوای سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر کۆمپانیای فڕۆکەوانی فڵای بەغداد، ژمارەیەک عومرەکار لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ فڕۆکەخانەکانی هەرێم بە ناچاری لە فڕۆکەخانەی بەغدا دابەزێندران.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، ژمارەی ئەو عومرەکارانەی کە لە فڕۆکەخانەی بەغدا بە ناچاری دابەزێندران ژمارەیان نزیکەی 155 عومرەکار دەبوون، هەروەها بە هەوڵەکانی وەزارەتمان شوێنیان لەوێدا بۆ دابینکرا و پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆش گەیشتنەوە شارەکانی هەرێمی کوردستان.
کاروان ستوونی، دەڵێت: "لە ئێستادا نزیکە 250 عومرەکار لە شاری مەدینە ماونەتەوە ئەوانیش بەهۆی سزاکانی ئەو کۆمپانیا فڕۆکەوانییەوە نەیانتوانی بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان، لەگەڵ سعوودییە لە گفتوگۆداین کە لە نزیکترین کات ئەو عومرەکارانە بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان".
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، گوتیشی: لە هەوڵداین لەگەڵ دەستەی حەج و عومرەی عێراق رۆژی یەکشەم یان دووشەم لە رێگەی هێڵی ئاسمانی دیکەوە بۆ ئەوەی عومرەکاران بگەڕێنەوە بۆ شارەکانی هەرێمی کوردستان.
رۆژی (22ـی کانوونی دووەمی 2024) وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی، بە تۆمەتی هاوکاریکردنی سوپای پاسدارانی و گرووپە چەکدارەکان لە عێراق، سووریا و لوبنان، سزای بەسەر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فڵای بەغداد سەپاند.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی فڵای بەغداد، فڕۆکەکانی بەکارهێناوە بۆ گواستنەوەی چەکداران، چەک و پارە بۆ سووریا و لوبنان بۆ پاڵپشتیکردنی گرووپە میلیشیکانی ئەو دوو وڵاتە کە لەلایەن ئێرانەوە ئاراستە دەکرێن.
دوای راگەیەندراوەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، کۆمپانیای فڵای بەغداد راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تۆمەتەکانی رەتکردەوە کە هاوکاری سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی کردبێت و ئاماژەی بە بەردەوامی گەشتەکانیشدا، بەڵام دواتر بەهۆی بلۆککردنی هەژمارە بانکییەکانیان و بڕیاری لێکۆڵینەوە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی ئەو کۆمپانیا فڕۆکەوانییە هەڵپەسێردرا.