ئەمەریکا چەند مووشەکێکی بالیستی حووسیەکانی لەدەریای سوور لەناوبرد

هێرشی ئەمەریکا بۆسەر حوسییەکان
هێرشی ئەمەریکا بۆسەر حوسییەکان

K24 – هەولێر

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا ناسراو بەسێنتکۆم رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە مووشەکێکی دژە کەشتی، حووسییەکانی یەمەنیان لە دەریای سوور لەناوبردووە.

ئەمڕۆ شەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2024، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا ناسراو بەسێنتکۆم بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند مووشەکێکی دژە کەشتی حووسییەکانی یەمەنیان لەدەریای سوور لەناوبردووە، کە ئامادەکرابوون بۆ هەڵدان.

سێنتکۆم دەشڵێت: "ئەو مووشەکانەی حووسیەکان ئامادەیان کردبوون بۆ هەڵدان، هەڕەشەبوون لەسەر کەشتییە بازرگانییەکان، لەناوبردنیشیان، بەرگریی لەخۆکردن بووە".

جەختی لەوەش کردەوە، هێرشەکەیان پارێزگاری جوڵەی بازرگانی لەدەریای سوور دەکات و رێڕەویکی پارێزراوتر بۆ کەشتییەکان دابیندەکات.

هێرشەکانی حوسییەکان لە ماوەکانی رابردوو، هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکانی لە ناوچەکە پەکخستووە، ئەوەش بووەهۆی ئەوەی ئەمەریکا چەندین جار هێرش بکاتە سەر شوێنی حوسییەکان و وەک قەوارەیەکی تیرۆریستی پۆلێنیکردووە.

لای خۆیانەوە حوسییەکان دووپاتیان کردەوە کە بەردەوام دەبن لە "رێگری لە کەشتییە ئیسرائیلییەکان" لە تێپەڕاندنی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن تا کۆتایی هاتنی شەڕ لە فەڵەستین"، و وەڵامی هەموو هێرشێکیش دەدەنەوە لە دژی یەمەن.

لە بەیاننامەیەکی پێشووتری لوید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکاشدا هاتووە، "ئەو وڵاتانەی هەوڵی دامەزراندنی بنەمای بنەڕەتی ئازادی کەشتیوانی دەدەن، پێویستە کۆببنەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی کە ئەم قەوارەیە دەیخاتە روو".

ئۆستن کە لە سەردانێکیدا بۆ بەحرەین کە میوانداری کەشتییەکانی ئەمەریکا دەکات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، وڵاتانی بەشداربوو بۆ هاوپەیمانی بریتین لە بەریتانیا، بەحرەین، کەنەدا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، نەرویج، سیشێل و ئیسپانیا، ئاماژەی بەوەشکرد، دەوریەی هاوبەش لە باشووری دەریای سوور و کەنداوی عەدەن ئەنجام دەدەن.

ئۆستن دەشلێت: "ئەمە ئاڵنگارییەکی نێودەوڵەتییە و پێویستی بە کردەوەی بەکۆمەڵ هەیە، هەر بۆیە دەستپێکردنی "ئۆپەراسیۆنی پاسەوانی خۆشگوزەرانی" رادەگەیەنم، کە دەستپێشخەرییەکی گرنگی نوێی ئاسایشی فرەنەتەوەییە."