لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان خوێندنی بنەڕەتی راگیرا

K24 – هەولێر
لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەفرو بارانبارین بەردەوام دەبێت و بەهۆی زۆری بەفر بارینیشەوە، ناوەندەکانی خوێندن قۆناغی بنەڕەتی لە سەنتەری شاری ومێی و چەند ناوچەیەکی سنووری پارێزگاکە راگیرا و کرایە پشووی فەرمی.
پەیوەندییە گشتییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە و فێرکردن لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە 27ی کانوونی دووەمی 2024 بەهۆی زۆری بەفربارین و زریانەوە پرۆسەی خوێندن لە قوتابخانەکانی قۆناغی بنەڕەتی لە سەنتەری شاری ومێی و چەند ناوچەیەکی سنووری پارێزگاکە راگیراوە و کراوەتە پشووی فەرمی.
هەروەها کەشناسی ئێران پێشبینی دەکات، لە سنووری پارێزگاکانی ورمێ، سنە، ئیلام، کرماشان و لۆڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و چەند پارێزگایەکی دیکەی باکووری رۆژهەڵات و ناوەڕاستی ئێران بەفرو بارانبارین لەگەڵ رەشەبای بەهێز بەردەوام بێت، بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکاندا، هەربۆیە کەشناسی دۆخی پرتەقاڵی رایگەیاندووە و هۆشداریداوەتە هاووڵاتییان، لە چوونە ناوچە شاخاوییەکان و گەشتکردن بۆ دەرەوەی شارەکان.
لەبارەی دۆخی رێگەوبانەکانیش، بابەک مەحموودی، سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران رایگەیاندووە، تاوەکوو کاتژمێر شەشی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سنووری 14 پارێزگا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، تیمەکانیان بە هاوکاریی تیمەکانی بەفرڕاماڵین هاوکاری شەش هەزارو 700 کەسیان کردووە و 600 ئۆتۆمبێلیان لە نێو بەفر دەهێناوە.