له‌باره‌ی هێرشی چه‌كداره حووسییه‌كانه‌وه، واشنتن داوایه‌ك له په‌كین ده‌كات
K24 - هەولێر:
ئه‌مه‌ریكا هانا بۆ چین ده‌بات، تاكو چه‌كداره حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن هێرشه‌كانیان له ده‌ریای سوور بوه‌ستێنن.
به گوێره‌ی هه‌واڵێكی ئاژانسی هه‌واڵی فرانس پرێس، به‌رپرسێكی باڵا له كۆشكی سپی رایگه‌یاندووه، ئه‌مه‌ریكا داوای له چین كردووه، له رێگه‌ی هه‌ژموون و كاریگه‌رییه‌كانی خۆی، فشار بخاته سه‌ر ئێران، تاكو چه‌كداره حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن هێرشه‌كانییان له ده‌ریای سوور بۆسه‌ر كه‌شتییه بازرگانییه‌كان بوه‌ستێنن.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی كۆشكی سپی راشیگه‌یاندووه، په‌كین پێمانی راگه‌یاندووه، له‌گه‌ڵ تاران ئه‌و پرسه تاووتوێ ده‌كات، به‌ڵام له واقیعدا هێرشه‌كان به‌رده‌وامن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، ئه‌م داوایه‌ی واشنتن له رێگه‌ی جه‌یك سۆلیڤان راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی له كۆشكی سپی ئاراسته‌ی وانگ یی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی چین كراوه.
لە 3ـی کانوونی دووەمی دووەم، 14 وڵات بە ئەمریکاوە بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بلاوکردەوە کە تێدا ئاماژەیان بەوە کردووە، حوسیەکان بەرپرسیارەتی هەڵددەگرن ئەگەر بەردەوام بن لە هەڕەشەکردن لەسەر ئابووریی جیهانی و بەرتەسککردنەوەی ئازادیی بازرگانیی لە گەرووەکانی ئاوی ناوچەکە.
به‌ره‌به‌یانی رۆژی (هه‌ینی 12ـی كانوونی دووه‌می 2024) وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا (پێنتاگۆن) رایگه‌یاند، نزیكه‌ی 10 هێرشی ئاسمانیان به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هێزه ئاسمانییه‌كانی به‌ریتانیا بۆ سه‌ر پێگه و جبه‌خانه‌ی چه‌كداره حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن له چه‌ند شارێكی ئه‌و وڵاته ئه‌نجام داوه، تاكو ئێستاش ئاڵۆزییه‌كان له ده‌ریای سوور به‌رده‌وامن.