دکتۆر غازی فەیسەڵ: له ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، بۆشایی ئه‌منی دروست ده‌بێت

K24 - هەولێر:
بەڕێوەبەری سەنتەری عێراقی بۆ لێکۆڵینەوه ستراتیژییەکان، له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر، رایده‌گه‌یه‌نێت، له ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش و به‌تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا، بۆشاییه‌كی ئه‌منی زۆر مه‌ترسیدار دروست ده‌بێت.
دکتۆر غازی فەیسەڵ حوسێن بەڕێوەبەری سەنتەری عێراقی بۆ لێکۆڵینەوه ستراتیژییەکان، به كوردستان24ـی راگه‌یاند، ئه‌گه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان له عێراق بكشێنه‌وه، چالاكییه‌كانی داعش، جموجۆڵی سه‌ربازی و ته‌قینه‌وه له‌و وڵاته سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه.
هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، نزیكه‌ی ده هه‌زار چه‌كداری تیرۆریست له سووریا و هه‌روه‌ها نزیكه‌ی سێ بۆ چوار هه‌زار چه‌كداری شه‌ڕكه‌ری داعش له عێراقدا هه‌ن، له كاتی چوونه ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و ئه‌مه‌ریكا ده‌بنه هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی بۆسه‌ر عێراق.
دکتۆر غازی فەیسەڵ حوسێن ده‌شڵێت: "له‌ساڵی 2014 له‌سه‌ر داوای عێراق ئه‌وكات هۆشیار زێباری وه‌زیری ده‌ره‌وه بوو، داوا له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش كرا، هێزی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی ره‌وانه بكرێت، دواجار به بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش ئه‌و هێزه پێكهێندرا و بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش هێنران بۆ عێراق".
گوتیشی: "كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، بۆشایی ئه‌منی زۆر مه‌ترسیدار دروست ده‌كات".
رۆژی (24 ی کانوونی دووەمی 2024)، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاشکرای کرد، حکومەتی ئەمه‌ریکا له رێگه‌ی ئه‌لینا رۆمانۆوسكی باڵیۆزی وڵاته‌كه‌ی له به‌غدا نامەیەکی ئاراستەی حکومەتی عێراقی کرد، بێ ئەوەی ناوەرۆکی نامەکە ئاشکرا بکات.
ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز ئاماژه‌ی به ناوه‌ڕۆكی نامه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ عێراق كرد، كه په‌یوه‌ست بوو به كشانه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش له عێراق.
هه‌روه‌ها رۆژی (25ـی کانوونی دووەمی 2024) لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریكا رایگەیاندبوو، لە رۆژانی داهاتوو كۆبوونەوەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربازی ئەمەریكا و عێراق دەستپێدەكەن.
ئۆستن ئاماژەی بەوەشکردبوو، ئەمە هاوكار دەبێت بۆ دروستكردنی هاوبەشی بەردەوامی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا لە بواری ئاسایش، لەسەر بنەمای ئەو سەركەوتنانەی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ كەمپەینی دژی داعش لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەدەستیهێناوە.
هاوکات لۆید ئۆستن ئه‌وه‌شی خستبووه‌ڕوو، هێزەكانی ئەمەریكا لەسەر بانگهێشتی حكومەتی عێراق و لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەو وڵاتەن. ئەمەریكاش پابەندە بە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری عێراق و ناوچەكە.
ئه‌مڕۆش نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، بە پاڵپشتیی سوودانی، کارەکانی كۆمیسیۆنی باڵای هاوبەشی سەربازیی نێوان عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا "بۆ پێداچوونەوە بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان، دوای سەرکەوتنی عێراق بەسەر بەهێزترین گرووپە تیرۆریستییەکانی جیهان" دەستیانپێکرد.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، پسپۆڕە سەربازییەکان ئەرکی کۆتاییهێنان بە "ئەرکە سەربازییەکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، دوای دەیەیەک لە کارکردن و ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق لە دژی داعش بەدەستدەهات" لە ئەستۆ دەگرن.