ترامپ: هیچ متمانەیەک بە ناتۆ ناکەم

K24 – هەولێر
سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا رایگەیاند، ئەگەر ئەمەریکا تووشی هەر ململانێک و رووبەرووبوونەوەیەک ببێتەوە، ئەوا متمانە بە ناتۆ ناکات بۆ بەرگری کردن لە وڵاتەکەی.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2024، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، لە میانی گردبوونەوەی لایەنگرانی لە نیڤادا رایگەیاند، ئەگەر وڵاتەکەی بەر هەر هێرشێک یان ململانێیەک بکەوێت، ئەوا متمانە بە ناتۆ ناکات، بۆ پاراستن و بەرگری کردن لە ئەمەریکا.
ترامپ دەڵێت: "رقم لەوەیە قسە لەسەر ناتۆ بکەم، بەڵام ئەگەر هێرشمان بکرێتە سەر، پێموانییە ئەوان بەرگری لە ئێمە بکەن، من باش دەیانناسم، و پێموانییە ئەوان هاوکارمان بن".
دۆناڵد ترامپ، باسی لەوەش کرد کە دۆخی سنووری ئەمەریکا بۆتە چەکێکی کۆمەڵکوژ کە هەڕەشە لە ئاسایشی وڵات دەکات.
جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەمەریکا ئێستا لە "خراپترین ساتەکانییەتی لە مێژووی خۆیدا".
ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە 5-11-2024 بەڕێوەدەچێت، دۆناڵد ترامپ، لە یەکەم هەڵبژاردنی پارتی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی کاندیدەکەی کە لە ویلایەتی ئایۆوا ئەنجامدرا سەرکەوتنێکی گرنگی بەدەستهێنا، دیسانتیس بە جیاوازییەکی زۆر لە پلەی دووەمدا هاتووە، بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیای "ئیدیسۆن ریسێرچ"، پێش نیکی هێلی باڵیۆزی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان کەوتووە.
ترامپ بە سەرکەوتنەکەی، هەژموونی خۆی بەسەر پارتەکەدا پشتڕاستکردەوە لە کاتێکدا کە هەوڵدەدات سێیەم سەرکەوتنی کاندید لەسەریەک بەدەستبهێنێت و بەشداری دووەمین رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی دیموکراتەکان بکات.
بڕیارە ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەرێوەبچێت، کە دۆناڵد ترامپی کاندیدی کۆمارییەکان و جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان و سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا کێبرکێ لەسەر ئەو پۆستە دەکەن.