لە تورکیا هێرشی چەکداری کرایە سەر کڵێسایەک و کوژراو و بریندار هەن

کڵێسای سانتا ماریا - ئیستانبۆڵ
کڵێسای سانتا ماریا - ئیستانبۆڵ

K24 - هەولێر

لە سەنتەری ئیستانبوڵ هێرشێکی چەکداری کرایە سەر کڵێسایەکی کاسۆلیکی و کوژراوێک و ژمارەیک بریندار هەن. وەزیری ناوخۆی تورکیاش دەڵێت، هەوڵەکانیان بۆ دەستگیرکردنی هێرشکەرەکانی چڕکردووەتەوە.

ئاژانسی فەرمیی تورکیا بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ لە ناوچەی ساریەری ئیستانبوڵ لەکاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی قوداسی رۆژی یەکشەممە، دوو کەسی چەکدار هێرشیان کردووەتە سەر کڵێسای سانتا ماریا و لە ئەنجامدا کەسێک کوژراوە و ژمارەیەکیش برینداربوون.

لە بارەی هێرشە چەکدارییەکە، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاندووە، هێرشەکە لەلایەن دوو چەکدارکراوە و دواتر رایانکردووە و ئێستا هێزە ئەمنییەکان وێڕای لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە، هاوکات هەڵمەتی دەستگیرکردنی هێرشەکەرەکان دەستی پێکردووە.

وەزیری ناوخۆی تورکیا ئیدانەی هێرشەکەی کردووە و ئاماژەیداوە، هێرشکەرەکان بە دەمانچە تەقەیان لە ئامادەبووانی نێو کڵێساکە کردووە.

هەروەها سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبۆڵ، ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو رایگەیاندووە، هیچ کاتێک رێگە نادەن یەکگرتوویی و ئاشتەوایی پێکهاتەکان لە شوێنە ئایینییەکان بکرێتە ئامانج.

Fly Erbil Advertisment