سامان سۆرانی: وڵاتان پێشوازی لە کردنەوەی نوێنەرایەتی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن

K24 – هەولێر:
راوێژكارێکی باڵا بۆ كاروباری سیاسی و دیپلۆماسی لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتان بەردەوام هەوڵی ئەوەیانداوە پاڵپشتی وڵاتان بۆ هەرێمی کوردستان بەدەستبهێنن.
سامان سۆرانی، راوێژكاری باڵا بۆ كاروباری سیاسی و دیپلۆماسی لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، لە چوارچێوەی بەرنامەی چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی چاکسازی دراوە لەناو پێکهاتەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، بەهۆی ئەوەی لە ماوەی رابردوودا پێکهاتەکەی بۆسەر بەڕێوەبەرایەتی دابەش ببوو، لە ئێستادا هەوڵدراوە پێکهاتەکان پێکەوەبلکێندرێت و شێوازێک لە دۆسیە بەکاربهێندرێت بۆ ئەو وڵاتانەی کە لە پەیوەندی دوو لایەنەدان لەگەڵ ئێمەدا.
ئەو راوێژكارە باڵایەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی کوردستان، راشیگەیاند، وڵاتان پێشوازی لە کردنەوەی نوێنەرایەتی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، باس لەوە دەکەن کە ئەوان لە هەرێم کونسوڵگەری گشتیان هەیە بۆچی هەرێمی کوردستان نوێنەرایتی لەو وڵاتانە ناکەتەوە بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر پردی پەیوەندییان بەهێز بکەن.
لەبارەی پەیوەندی نێوان فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی عێراق، سامان سۆرانی، دەڵیت: فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ گرفتێکی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی عێراق نییە، زۆرینەی ئەو کونسوڵگەریانەی وڵاتان کە لە هەرێمی کوردستان کراونەتەوە بە رەزامەندی وەزارەتی دەرەوە ئەنجامدراوە، "ئەوان زەمینەسازییان کردووە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ جیهانی دەرەوە لە رێگەی کونسوڵگەرییەکانەوە بەهێز بێت".
گوتیشی: لە هەموو سیستەمێکی فیدراڵیدا ئەگەر هەرێمێک بتوانێت بەهێز بێت چ لە رووی ئابووری، کولتووری و بازرگانی، ئەوا هاندەرێک دەبێت بۆ ئەوەی کە وڵاتی ناوەندیش بەهێز بێت.
ئەو راوێژكارە باڵایەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی کوردستان، باسی لەوەشکرد، نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتان بەردەوام هەوڵی ئەوەیانداوە پاڵپشتی وڵاتان بۆ هەرێمی کوردستان بەدەستبهێنن، توانیویانە لەو رێگەوە فشار بخەنە سەر حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی دژایەتی هەرێمی کوردستان نەکات و مافەکانی هەرێمی کوردستان پێشێل نەکات.
رۆژی یەکشەممە (28ـی کانوونی دووەمی 2024) کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ سێیەمین کۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێری پایتەخت دەستیپێکرد.