دژوار فایەق: لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە پلانەکانی دژ بە کورد لە کەرکووك چڕتربوونەتەوە

K24 – هەولێر:
نوێنەری حکومەتی هەرێمی كوردستان لە لێژنەی ماددەی 140، ئاماژەی بەوەدا، حەوت ساڵە کورد لە کەرکووك پیلانی تەعریب و داگیرکردنی خاک و زەوی لەسەر جێبەجێدەکرێت، گوتیشی: لەگەڵ لێژنەی پارێزگای کەرکووك لە هەوڵداین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کوردانی دانیشتووی گەڕەکی عەرەفە.
دژوار فایەق، نوێنەری حکومەتی هەرێمی كوردستان لە لێژنەی ماددەی 140، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەوی دەرهەق بەو 250 خێزانە کوردە دەکرێت لە کەرکووك گێچەڵێکی سیاسییە و گۆڕینی دیمۆگرافیای کەرکووکە، بە بیانووی یاسا فەرمانی گرتنیان بۆ دەرچووە.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی كوردستان لە لێژنەی ماددەی 140، دەڵێت: "بەرگری لە مافی ئەو خەڵکانە دەکەین و هەموو رێگەیەکی یاسایی دەگرینەبەر بۆ ئەوەی مافی ئەو هاووڵاتییانەی کەرکووک نەفەوتێ، هەروەها زۆربەی کۆمپانیاکانی نەوت و غازی عێراقی لە کەرکووک، خانەقین و ناوچەکانی دیکە لەسەر دێهاتی کوردین، ئەگەر ئەوان باسی یاسیا دەکەن فەرموو با مافی ئەو دێهاتانە بدەن کە کۆمپانیایان لەسەر دروستکردووە".
دژوار فایەق، هەروەها راشیگەیاند، "لە کەرکووک بە بیانووی خانووی زێدەڕۆ حکومەتی عێراقی دەیەوێت خانووەکان لە هاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک بستێنێتەوە، ئەگەر بابەتەکە زێدەڕۆیی بێت زۆر باشە کەواتە با لە بەغداوە دەستپێبکەن، لە هیچ شارێکی دیکەی عێراق تا ئێستا کەس لەسەر خانووی زێدەڕۆیی دەرنەکەراوە و دەستگیرنەکراوە".
نوێنەری حکومەتی هەرێمی كوردستان لە لێژنەی ماددەی 140، گوتیشی: لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە پلانەکانی دژ بە کورد لە کەرکووك چڕتربوونەتەوە. جەختی لەوەشکردەوە، لەگەڵ لێژنەی پارێزگای کەرکووك لە هەوڵداین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کوردانی دانیشتووی گەڕەکی عەرەفە.
لە گەڕەکی عەرەفەی کەرکووک نزیکەی 300 خێزانی کورد بەبیانووی ئەوەی لە خانووی حکومیدا نیشتەجێن هەڕەشەی دەرکردنیان لەسەرە، هێزە ئەمنییەکان هاوڵاتییانی ئەو گەڕەکە ژمارەیەك هاووڵاتی کوردیان دەستگیرکردووە و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەشێکی دیکەشیان دەرچووە.
هەموو ئەو هاووڵاتییە کوردانەی لە دوای ساڵی 2003ـەوە لەئاوارەیی گەڕانەوە کەرکووک و لەخانووەکانی سەربە کۆمپانیای نەوت لە گەڕەکی عەرەفە نیشتەجێبوونە فەرمانی گرتنیان بۆدەرچووە و هەڕەشەی ئاوارەبوونێکی دیکەیان لێدەکرێت.
ناڕەزایەتییەکانی هاووڵاتییان لە دژی دەرکردنیان نزیکەی مانگێکە لەهەردوو گەڕەکی نەورۆز و عەرەفە بەردەوامەو تائێستا چارەسەر نەکراوە، هەروەها فشارەکانی سەر کورد لەکاتێکدایە، کە لە ئێستادا کەرکووک بە بۆشاییەکی ئیداری تێپەڕ دەبێت و لە چاوەڕوانی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگان بۆ گۆڕانکارییە ئیدارییەکان.