ستۆلتنبێرگ: ئێران کارەکتەری سەرەکی تێکدانی ئاسایش و ناسەقامگیرکردنی ناوچەکەیە

K24 - هەولێر
سکرتێری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ رایگەیاند، ئێران لە ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە بەردەوامە و بەرپرسیارە لە هێرشە دەریای سوور و بە ئامانجگرتنی کەشتییەکان، بۆیە رەفتارەکانی جێگەی قەبووڵکردن نییە.
یێنس ستۆلتنبێرگ سکرتێری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە واشنتن هاوخەمی خۆیی بۆ حکومەت و گەلی ئەمەریکا دەربڕی بەرانبەر بەو هێرشە درۆنییەی لە سنووری ئوردن – سووریا کرایە سەر سەربازانی ئەمەریکی و گوتی؛ هاوپەیمانی ناتۆ ئێران بە کارەکتەری سەرەکی تێکدانی ئاسایش و ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە دەبینێت.
ستۆلتنبێرگ رایگەیاند، ئێران بەرپرسیارە لە پشتیوانیکردنی ئەو تیرۆریستانەی لە دەریای سوورەوە هێرش دەکەنە سەر کەشتییەکان.
سکرتێری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ گوتیشی: رەفتارەکانی تاران وای دەردەخات، جیهان بێ یاسا و رێسایە، ئەمەش پێشهاتێکی مەترسیدارە و قەبووڵکراو نییە، بۆیە پاراستنی ئاسایشی جیهان ئەرکی ئێمە قورستر دەکات.
رۆژی یەکشەممە (28ـی کانوونی دووەمی 2024) فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ بنکەیەکی سەربازی هێزەکانی ئەمەریکا له سنووری نێوان ئوردن و سووریا، سێ سەرباز کوژران و ژمارەیەک سەربازی دیکەش بریندارن، کە هەشت لە بریندارەکان تەندروستیان ناجێگرە.
لە یەکەم کاردانەوەی دوای هێرشەکەش، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، وەڵامیان توندیان بۆ هێرشە درۆنییەکە دەبێت، کە بەهۆیەوە سێ سەربازی وڵاتەکەی لە ئوردن کوژران.
هەروەها سابرینا سینگ جێگری سکرتێری رۆژنامەوانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن) لە دواترن هەڵوێستی وڵاتەکەی لە سەر هێرشەکە رایگەیاندووە، گومان دەکەن کەتائیبی حزبوڵڵا کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێ، هێرشەکەی ئەنجامدابێت و جەختی کردەوە لە کاتی گونجاودا وەڵامیان دەبێت.