عەبدوڵڵا حاجی مەحمود: عێراق خۆی لەقەرەبووکردنەوەی خەڵکی کوردستان دەدزێتەوە

K24 - هەولێر

عەبدوڵڵا حاجی مەحمود، وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، گرنگە ساڵانە کۆنفڕانسی نوێنەرایەتییەکان ئەنجام بدرێت، هەروەها گرنگی تایبەتی بۆ وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان هەبوو، بۆ لۆبیکردنی کەیسەکانی جینۆسایدی کورد بەگشتی، تاوەکو لەداهاتوودا میللەتی کورد بەر شاڵاوی جینۆساید و ئەنفاڵ نەکەوێتەوە.

گوتیشی: بەشێوازێکی یاسایی و زانستی وەزارەتەکەمان هەمیشە لە لۆبیکردنە، کە ئەمانەوێت مەینەتییەکانی گەلی کورد بەسەرجەم وڵاتانی جیهان بگەیێنین.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەبێت ئەو دۆسیانە بەشێوازێکی یاسایی و زانستی و مێژوویی رێکبخرێت و ئامادەی بکەین، کە ئامادەمانکرد ئەبێت نوێنەراتییەکانی حکومەتی هەرێم لەدەرەوە هاوکارمان بن، چونکە شارەزاییەکی باشییان لە شێوازی سیاسی ئەو حکومەتانە هەیە.

وەزیرەکەی حکومەتی هەرێم باسی لەوەشکرد، دەستەیەکیان هەیە بەناوی" دەستەی جینۆساید" کە بەدوو رێگا کارەکانی دەکات، بۆیە نوێنەراتییەکان ئەوەی پەیوەندی بە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان هەیە، لە کۆتاییدا راسپاردەیەکیان ئەبێت و پێکەوە کارنامەیەک دائەنێین تاوەکو کارەکانی داهاتوومان دیاری بکەین.

جەختی کردەوە، بۆ ئەوەی بتوانین فشار لە حکومەتی عێراق بکەین تاوەکو قەرەبووی خەڵکی کوردستان بکاتەوە، چونکە کەیسەکانی جینۆسایدی کورد وەک "فەیلەییەکان، بارزانییەکان، ئەنفال و هەڵەبجە" لەدادگا یەکلایی بۆتەوە و لەپەرلەمانی عێراق بڕیاری بۆ دەرچووە، بەڵام وڵاتی عێراق بەشێوازێک خۆی ئەدزیتەوە لە قەرەبووکردنەوەکان.

 

Fly Erbil Advertisment