ئەندامێکی لیژنەی دارایی: سەرەڕای کۆسپەکان 618 ملیار دینارەکە هەر دەگاتە هەرێمی کوردستان
K24 - هەولێر
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بەردەوام کۆسپ بۆ ناردنی 618 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان دروستدەکرێن، بەڵام سەرەڕای ئەو کۆسپانەش بڕە پارەکە هەر دەگات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 30-01-2024، خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، "بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان بەردەدوام کۆسپ دروست دەکەن بۆ ئەوەی ناردنی 618 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە دوابکەوێت یان هەر نەنێردرێت، بەڵام سەرەڕای ئەو کۆسپانەش، بڕە پارەکە لەم چەند رۆژەدا دەگات".
بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، "عێراق سەدان هەزار مووچەخۆری وەهمی هەیە و ساڵانە لە کابینەیەکی حکومەتەوە بۆ کابینەیەکی دیکە ئەو ژمارەیە زیاد دەکرێت، کەچی کەس نییە لێکۆڵینەوە لەو گەندەڵییە بکات، دێن باسی مووچەخۆری وەهمی هەرێمی کوردستان دەکەن".
خەلیل غازی گوتی، "بەردەوام لایەنە سیاسییەکانی عێراق کار بۆ بڕینی قووت و مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەن. بەردەوام فشار لە وەزیر و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکرێت بۆ ئەوەی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان نەنێرێت، بۆیە ئێمەش وەکو کورد دەبێت لە دژی ئەو هەوڵانە یەک دەست و هاوهەڵوێست بین".
رۆژی یەكشەممە، 28-01-2024، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ناردنی 618 ملیار دینار بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەژێر فشاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیدا بووە و وەزیری دارایی عێراقیش پابەندبوونی خۆی بە بڕیارەکە راگەیاندووە.
بە گوتەی سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، زۆر لایەن فشار لە ئەنجوومەنی وەزیران، خودی وەزیرەکان و دامودەزگا حکومییەکانی عێراق دەکەن تاوەکو کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر نەبن.
رۆژی یەکشەممە 18ی کانوونی دووەمی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بەپێی بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024، هاوکات بەپێی خەرجی راستەقینە، 618 ملیار دینار بۆ مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2024، بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.