عەبدولحەکیم خەسرەو: هیچ رێگرییەکی یاسایی و تەکنیکی لەبەردەم ناردنی 618 ملیار دینارەکە نییە
K24 – هەولێر:
سهرۆكی فهرمانگهی ههماههنگی بهدواداچوون، رایدەگەیەنێت، هەمواری یاسای بودجە چارەسەری کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات. گوتیشی: سبەی یان دووسبەی 618 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.
عەبدولحەکیم خەسرەو، سهرۆكی فهرمانگهی ههماههنگی و بهدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات رایگەیاند، ئەمڕۆ هەژمارێکی نوێ بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بانکی ناوەندی عێراق کرایەوە.
سهرۆكی فهرمانگهی ههماههنگی و بهدواداچوون، ئاماژەی بەوەدا، سبەی یان دووسبەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئینفاقی فعلی دەنێردرێت.
عەبدولحەکیم خەسرەو، دەڵێت: بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان فەرمانی بۆ دەرچووە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەر دەنێردرێت، دواکەوتنیشی تەنیا دەوەستێتە سەر هەندێک کێشەی تەکنیکی، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و هیچ پاساوێکی بۆ حکومەتی فیدراڵ نەهەێشتووەتە تا بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان نەنێرێت.
سهرۆكی فهرمانگهی ههماههنگی و بهدواداچوون، راشیگەیاند، داواکردنی لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە لەلایەن بەغداوە بابەتێکی دەستووری نەبوو، لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە و پێویستە بەشێک لە داهاتی فیدراڵی بۆ هەرێم تەرخان بکرێت بە گوێرەی پێویستییەکانی خۆی.
عەبدولحەکیم خەسرەو، گوتیشی: تا ئێستا بە ئەقڵیەتێکی مەرکەزی لە رووی داراییەوە مامەڵە نەک تەنیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەڵکو مامەڵە لەگەڵ هەموو پارێزگاکانی عێراق دەکرێت، تا ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق خۆی نەگونجاندووە لەگەڵ سیستەمی فیدراڵیدا.
سهرۆكی فهرمانگهی ههماههنگی و بهدواداچوون، روونیکردەوە، دیوانی چاودێری فیدراڵی بەردەوام لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵن، هەر پرسیار و تێبینییەکیشیان هەبێت لەلایەن هەرێمەوە وەڵامیان دراوەتەوە، ئەوانیش باوەڕیان بە وەڵام و داتا و زانیارییەکانی هەرێم هەبووە.
عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، هەردوو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بەردەوام کۆبوونەوە لەگەڵ یەکتر دەکەن و گفتوگۆکانی نێوانیان لەسەر سەرجەم پرسەکان بەردەوامە.
سهرۆكی فهرمانگهی ههماههنگی و بهدواداچوون، لەبارەی هەمواری یاسای بودجە، گوتی: پشکی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024 تا هەموارکردنەوەی یاسای بودجە لە چوارچێوەی ئینفاقی فیعلی دیاریدەکرێت.
گوتیشی: ئیرادەیەکی سیاسی هەیە بۆ ئەوەی مانگانە بەردەوام پشکی هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت، هەروەها هیچ رێگرەیەکی یاسایی و تەکنیکی لەبەردەم ناردنی پشکی هەرێم نییە.
لەبارەی هەمواری یاسای بودجە، عەبدولحەکیم خەسرەو، ئاماژەی بەوەدا، رێککەوتنێکی تەواو لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و جیاکردنەوەی مووچەی مووچەخۆران لە ئینفاقی فیعلی هەیە.
جەختی لەوەشکردەوە، هەموو لایەنە سیاسییە کوردستانی و عەرەبەکان لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجە کۆکن و هیچ کێشەیەکیان لەسەر ئەو پرسە نییە.