37 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی تێدەپەڕێت

K24 – هەولێر:
37 ساڵ بەر لە ئێستا، بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان یەکێک لە سەرکردە کاریگەر و گرنگەکانی لەدەستدا، کە سەرۆک بارزانی لە وەسفیدا دەڵێت: مرۆڤێکی زۆر گەورە بوو، گەورەیییەکەشی لە تێگەیشتوویی و پێگەیشتوویییەکەیەوە سەرچاوەی گرتبوو؛ ئەویش ئیدریس مەلا مستەفا بارزانی بوو.
ئەمڕۆ (31ـی کانوونی دووەمی 2024) یادی 37 ساڵەی کۆچی دوایی ئیدریس بارزانییە کە رۆلێکی گەورەی هەبووە لە قۆناغەکانی خەباتی رزگاری گەلی کوردستان و رووبەڕووبوونەوەی داگیرکەران و بەشدارێکی کاراش بووە بە یاوەری سەرۆک مەسعود بارزانی، لە گفتوگۆ و دانوستانەکانی بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، لەوانەش رێککەوتننامەی 11ـی ئاداری 1970 و دامەزراندنی بناغەی بەرەی کوردستانی لە ساڵی 1986.
ژیاننامەی ئیدریس بارزانی
ئيدريس بارزانى له مانگى ئادارى 1944 له ناوچه‌ى بارزان لهدايكبووە. کاتێک ته‌مه‌نى گه‌يشته دوو ساڵ، مسته‌فا بارزانى باوكى، روويكرده رۆژهه‌ڵاتى كوردستان و به مه‌به‌ستى پشتيوانيكردن له جوڵانه‌وه‌ى كورد و كۆمارى كوردستان له مهاباد ده‌ستی به خه‌بات كرد.
دواى پيلانگێڕى دژى كۆمارى كوردستان و گه‌ڕانه‌وه‌ى سوپای شاى ئێران بۆ كۆمارى كوردستان، مسته‌فا بارزانى و ده‌يان پێشمه‌رگه‌ى كوردستان روويانكرده يه‌كێتى سۆڤيه‌تى جاران و خێزان و ژن و منداڵهكانيش به ياوه‌رى شێخ ئه‌حمه‌د بارزانى، براى گه‌وره‌ى مسته‌فا بارزانى لەپێناو پاراستنى گيانى منداڵ و ژنانى كورد، گه‌ڕانه‌وه بۆ عێراق و ئيدريس بارزانيش كه ئه‌و كات ته‌مه‌نى سێ ساڵ بوو، له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی گه‌ڕایه‌وه بۆ عێراق و له‌لايه‌ن ده‌سه‌ڵاتى پادشايى عێراقه‌وه بۆ شاره‌كانى باشوورى وڵات راگوێزران.
له ته‌مه‌نى شه‌ش ساڵيدا، ئيدريس بارزانى له شارى كه‌ربه‌لا چووه به‌ر خوێندن و تا رووخانى ده‌سه‌ڵاتى پادشايى له عێراق و هاتنهسهركارى دەسەڵاتی كۆماری به سەرۆکایەتی عه‌بدولكه‌ريم قاسم له 1958، ئيدريس بارزانى له ديدارى باوكى بێبه‌ش بوو، به‌ڵام له‌و ساڵه‌دا مسته‌فا بارزانى و ياوهرانى له سۆڤيه‌ت گه‌ڕانه‌وه و دواى دابڕانێكى زۆر، ماڵباتهكهيان به‌يه‌ك شادبوونه‌وه.
دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى مسته‌فا بارزانى له يه‌كێتى سۆڤيه‌ت و سه‌رهه‌ڵدانى شۆڕشى ئه‌يلوول له 1961ـدا، ئيدريس بارزانى له ده‌سته يه‌كه‌مه‌كانى ئه‌و پێشمه‌رگانه بوو، كه په‌يوه‌نديان به ريزى شۆڕشه‌وه كرد و چه‌كى تێكۆشانى هەڵگرت و شانبه‌شانى پێشمه‌رگه به‌شدارىی له داستان و سه‌ركه‌وتنه‌كانى شۆڕشدا كرد.

دواى نۆ ساڵ پێشمه‌رگايه‌تى و به‌شدارى له شۆڕشى ئه‌يلوولدا، له مانگى حوزه‌يرانى 1970 له كۆنگره‌ى هه‌شته‌مى پارتى ديموكراتى كوردستان، كه له ناوچه‌ى ناوپردانى ناحيهى گه‌ڵاڵه له ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی ئه‌نجامدرا، بۆ يه‌كه‌مجار ئيدريس بارزانى كرايه ئه‌ندامى كۆميته‌ى ناوه‌ندى پارتى ديموكراتى كوردستان.
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنى پرۆژه‌ى ئاشتى و دانووستان له نێوان شۆڕش و ده‌سه‌ڵاتدارانى به‌غدا، ئيدريس بارزانى به ياوه‌رى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانىی براى، له ده‌سته‌ى شاندى دانووستانى شۆڕش بوون، كه هه‌ريه‌ك له شه‌هيدان ساڵح يوسفى، دارا تۆفيق، سامى عه‌بدولڕه‌حمان، نافز جه‌لال و مه‌حمود عوسمان بوون، له به‌غدا كه‌وتنه شه‌ڕى سياسى و ديپلۆماسى بۆ به‌ده‌ستهێنانى زۆرترين ماف و داخوازى شۆڕش.
سه‌ره‌نجام به سه‌رپه‌رشتى مسته‌فا بارزانى مافى ئۆتۆنۆمى بۆ كوردستانى عێراق به‌ده‌ستهات و رێككه‌وتنه‌كه چوار ساڵى پڕ له خۆشى و بووژاندنه‌وه‌ى له عێراق هێنايه دى، تا سه‌ره‌نجام ده‌سه‌ڵاتدارانى به‌عس له به‌غدا كه‌وتنه‌وه دژايهتى كورد و سه‌ركردايه‌تييه‌كه‌ى، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش رێككه‌وتنى جهزائيريان له‌گه‌ڵ شاى ئێران، محه‌ممه‌د ره‌زا شاى په‌هله‌وى واژوو كرد و شۆڕشى كوردیيان تووشى نسكۆ كرد و ئيدريس بارزانى به ياوه‌رى كه‌سوكار و ماڵبات و به‌شێك له هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان ئاواره‌ى ئێران بوون.

له سه‌روبه‌ندى نسكۆى شۆڕشدا ئيدريس بارزانى به ياوه‌رى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى، هه‌ر زوو هه‌وڵه‌كانى خسته‌وه‌گه‌ڕ بۆ بنياتنانه‌وه‌ى ژێرخانى رێكخستنى پارتى ديموكراتى كوردستان و هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان و ده‌ستى به چالاكى كرده‌وه. له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رييه، له كۆتايى 1986ـدا، بناغه‌ى به‌ره‌ى كوردستانى دانرا و له مانگى حوزه‌يرانى 1988ـدا وه‌ك هێزێكى نوێ له‌سه‌ر گۆڕه‌پانى سياسىی كوردستان به‌ره‌ى كوردستانى راگه‌يه‌ندرا.
ئيدريس بارزانى له مێژووى بزاڤى رزگاريخوازى نه‌ته‌وه‌ييدا، به ئهندازيارى ئاشته‌وايى نيشتمانى ناوده‌برێت، هاوكات له گۆڕه‌پانى سياسى عێراقيدا و له ناو به‌رهه‌ڵستكارانى عێراقدا، به كه‌سايه‌تييه‌كى ديار و كاريگه‌ر هه‌ژمار ده‌كرا، له كۆنگره‌ى به‌رهه‌ڵستكارانى عێراقىش، كه له تاران سازكرا، بانگه‌وازیی بۆ يه‌كخستنى تواناى به‌رهه‌ڵستكاران بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى رژێمى به‌عس خسته‌ڕوو.
ئيدريس بارزانى لە رۆژی 31ـی کانوونی دووەمی 1987، به هۆى نه‌خۆشييه‌كى كتوپڕه‌وه كۆچى دواييكرد، له شارۆچكه‌ى سلیڤاناى سه‌ر به پارێزگاى ورمێى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان به‌خاكسپێردرا. دواى راپه‌ڕينى ئازارى 1991 و رزگاركردنى به‌شێكى زۆرى خاكى كوردستان، له 6ـى تشرينى يه‌كه‌می 1993 ته‌رمى هه‌ريه‌ك له مسته‌فا بارزانى، رابه‌رى بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌يى و ئيدريس بارزانى، سه‌ركرده‌ى ديارى بزووتنه‌وه‌ى رزگاريخوازى كوردستان له رۆژهه‌ڵاتى كوردستانه‌وه به مه‌راسيمى جه‌ماوه‌رى به‌رفراوان هێندرانه‌وه هه‌رێمى كوردستان و له شوێنى له‌دايكبوونيان و له ناوچه‌ى بارزان بە خاك سپێردران.
سەرۆک بارزانی لە وەسفی ئیدریس بارزانیدا
سه‌رۆک مه‌سعود بارزانی، له به‌رگی چواره‌می کتێبی "بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد – شۆڕشی گوڵان"، ستایشی ئیدریس بارزانی ده‌کات و دەڵێ، "کاک ئیدریس، مرۆڤێکی زۆر گەورە بوو، گەورەیییەکەشی لە تێگەیشتوویی و پێگەیشتوویییەکەیەوە سەرچاوەی گرتبوو و ببووە هۆی نەرمونیانییەکەشی".
سه‌رۆک بارزانی له کتێبه‌که‌یدا بۆ کاک ئیدریس نووسیویه‌تی: "کەسێکی لەخۆبوردوو و خاکی بوو، لێبووردە بوو و بیری لە تۆڵەکردنەوە نەدەکردەوە، زۆر جار خەڵکی ئاسایی و هەژاری بە ئەندامێکی خێزانەکەی دەزانی، هەستکردن بە کەموکورتیی لای بەرانبەر دەڕەواندەوە".

له گێڕانه‌وه‌ی یادی کاک ئیدریس بارزانی باسی هه‌ستی هاوکارییه‌که‌ی کردووه، که "ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کاک ئیدریس جێی خۆی لە دڵی خەڵک و هەموو چین و توێژەکاندا بکاتەوە و بە پشتوپەنا و فریادڕەسی خۆیانی بزانن".
سه‌رۆک بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدەکات، "سەرەڕای هەموو ئەو مەترسییانەی هەبوون، زۆر جار کاک ئیدریس بریندار و پێشمەرگەی لە ماڵی خۆی دەپاراستن و بۆ چارەسەرکردنیشیان لەسەر ئەرکی خۆی ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەکردن".
لەبارەی هەوڵەکانیەوە بۆ ئاشتەوایی سەرۆک بارزانی دەڵێ، " کاک ئیدریس بڕوایەکی تەواوی بە پاراستنی ناسنامە و شوناسێکی یەکگرتووی ناو بزاڤی رزگاریخوازی کورد هەبوو، بایەخ و گرنگی زۆری بە فرەلایەنی دەدا لە ژیانی پارتایەتیدا، ئەم دوو فاکتەرە هۆکاری سەرەکی بوون لە رەخساندنی دەرفەتی ئاشتبوونەوەی گشتی لە ساڵی 1986، بەو هۆیەشەوە نازناوی ئەندازیاری ئاشتبوونەوەی گشتیی پێ بەخشرا."
لەبارەی دەستپێکردنەوەی شۆرشی چەکداری دوای نسکۆی 1975 سەرۆک بارزانی لە کتێبەکەیدا دەڵێت: "کاک ئیدریس لەپێناو دەستپێکردنەوەی شۆڕشی چەکداریی دوای نسکۆی 1975، بەگیانی پێشکەوتن و داهێنان و بە رەوشتێکی بەرزەوە کاری دەکرد. ئەم نسکۆیە هەستی کاک ئیدریسی بە بەرپرسیاریەتیی دوو ئەوەندە زیادکرد و، وەک کەسێکی بەرپرسیار لەبەرانبەر رووداوەکاندا کاری دەکرد. لە هەرشوێنێک بوایە، کورد لە دەوری کۆدەبوونەوە و شوێنی گازندە و هیوا و ئومیدی خۆیان لە کاک ئیدریسدا دەبینییەوە".