دژەتیرۆری کوردستان رەتیدەکاتەوە هیچ هێرشێک کرابێتە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر

K24 - هەولێر
دژە تیرۆری کوردستان رەتیدەکاتەوە هیچ هێرشێک کرابێتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و دەڵێت، ئەو هەواڵانەی باس لە هێرشێکی درۆنی بۆ سەر فڕۆکەخانەکە دەکەن بێ بنەمان و ناڕاستن.
دژە تیرۆری کوردستان بڵاویکردووەتەوە: "ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ی کانوونی دووەمی 2024، لە ژمارەیەک میدیا و کەناڵی ناوخۆیی کە زۆر تامەزرۆی بە ئامانجگرتنی هەولێرن، بەبێ پشتڕاستکردنەوە و بەدواداچوونی میدیایی، هەواڵێکیان بڵاو کردووەتەوە گوایە ئەمڕۆ بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر".
دژە تیرۆری کوردستان دەڵێت، "ئەم هەواڵە بێبنەما، ناڕاستە و، هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر."
بە گوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن)، لە 17ی تشرینی یەکەمەوە تاكو ئێستا، زیاتر له 160 هێرش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا، لە عێراق و سووریا ئەنجامدراون و لەو ماوەیدا زیاتر لە 120 سەربازیان برینداربوون و سێ سهربازیش گیانیان لهدهستداوه.
ئەمەریکا زۆر بەڕوونی دەڵێت، هەموو ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن گرووپە ملیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە ئەنجام دەدرێن، و ئێرانیش بە بەرپرسیار دەزانن، بەڵام نایانەوێت جەنگەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراونتر بێت، ئەگەرچی هەرکاتێک هەڕەشە بکەوێتە سەر هێزەکانیان لە کات و شوێنێک کە خۆیان هەڵیدەبژێرن وەڵامی هێرشەکان دەدەنەوە.